ئۆجەلان لەگەڵ کەسوکاری کۆبووەوە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژێک بەر لە ساڵیادی بانگەوازەکەی بۆ چەکدانانی پەکەکە لەگەڵ دوو کەسی ئەندامی خانەوادەکەی کۆبووەوە.
نووسینگەی راوێژکاریی یاسایی ئاسرین کە لە گرووپی پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پێکهاتوون لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی چاوی بە محەممەد ئۆجەلان ـی برا و عومەر ئۆجەلانی برازای کەوتووە.
هاوکات بەندکراوانی دیکەی ئیمراڵیش کە لە هامیلی یڵدرم، عومەر خەری کۆنار، ئەرگین ئاتابەی و مەحموود یامالاک پێکهاتوون، چاویان بە ئەندامانی خانەوادەکانیان کەوتووە.
دیدارەکە لەکاتێکدایە پێشتر عومەر ئۆجەلان پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردبووەوە. دەگوترێت سبەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبۆنەی ساڵیادی راگەیاندنی چەکدانانی پەکەکە پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.