سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆ کرد
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر دەسەڵاتەکانی (کارگێڕی، دارایی، یاسایی و پەیوەندییەکان)ـی فەرماندەیی دەڤەرەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کرد.
پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا وردەکاریی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خستە روو و رایگەیاند: "لە درێژەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرۆکوەزیران واژۆی لەسەر دەسەڵاتەکانی (کارگێڕی، دارایی، یاسایی و پەیوەندییەکان)ـی تایبەت بە فەرماندەی فەرماندەیی دەڤەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد."
یەکخستنەوەی هێزەکان و خواستی هاوپەیمانان
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی کردەییە لە پرۆسەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
ناوبراو روونی کردەوە: "واژۆکردنی ئەم دەسەڵاتانە هاوتەریبە لەگەڵ خواستی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەشێکە لە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پێکهاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان، کە وەزارەتی پێشمەرگە لەم پرۆسەیەدا هەوڵێکی زۆری داوە و کاری جدی بۆ کردووە."
دیدگای سەرۆکوەزیران بۆ هێزێکی نیشتمانی
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەم پرۆسەیەدا، پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە، کە ئەم بڕیارە رەنگدانەوەی دیدگای مەسرور بارزانییە بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی.
هەورامانی گوتی: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە پاڵپشتیی تەواوی خۆی نیشان داوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو و نیشتمانی، لەم پێناوەشدا بەردەوام هەوڵ و پاڵپشتیی هەبووە و بڕیارەکەی ئەمڕۆش تەواوکەری ئەو زنجیرە هەوڵانەیە."