پاکستان: ئارامیمان نەماوە و لەگەڵ ئەفغانستان لە جەنگێکی کراوەداین
وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی چیتر ئارام ناگرێت و ئێستا خۆی لە جەنگێکی کراوەدا دەبینێتەوە بەرانبەر بە ئەفغانستانی هاوسێی. ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە هەردوولا لە ناوچە سنوورییەکان هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتر.
خەواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، پاکستان هیوای دەخواست دوای کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ ئاشتی لە ئەفغانستان بەرقەرار بێت و تالیبان سەرنج بخاتە سەر خۆشگوزەرانی گەلی ئەفغانستان و سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵام ئەفغانستانی کردووەتە کۆلۆنییەکی هیندستان و چەکداری لە هەموو جیهانەوە لێ کۆکردووەتەوە و دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی تێرۆر.
وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت: "ئارامگرتنمان کۆتایی هاتووە، ئێستا لە نێوانماندا جەنگی کراوە دەستیپێکردووە." بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی ئەفغانستان هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر ئەم لێدوانانە نەبووە.
ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان هێرشیانکردە سەر کابولی پایتەخت و قەندەهار لە باشوور و ویلایەتی پەکتیکا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان. پاکستان هێرشەکانی بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەفغانستان راگەیاندووە.
ئامارە دژبەیەکەکان سەبارەت بە زیانەکان
هەردوو وڵات ئاماری جیاوازیان لەسەر زیانە گیانییەکان بڵاوکردووەتەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاندووە، 55 سەربازی پاکستانی کوژراون و تەرمی هەندێکیان لە خاکی ئەفغانستانە، هەروەها "چەند سەربازێکی دیکەش بە دیلگیراون؛ هەروەها 19 بنکەی سەربازی و 2 بنکەی سەرەکی سوپای پاکستانیان خاپوورکردووە.
لەبارەی زیانەکانی سوپای ئەفغانستانیش ئاماژەیداوە، هەشت سەربازی وڵاتەکەی کوژراون و 11ی دیکەش بریندارن.
لە بەرانبەردا، عەتاوڵا تەرار وەزیری زانیاریی پاکستان رایگەیاندووە، تەنیا دوو سەربازی وڵاتەکەی کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندارن.
هاوکات موشەرەف عەلی زەیدی، گوتەبێژی نووسینگەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بە دیلگیرانی سەربازانی وڵاتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، لایەنیکەم 133 چەکداری ئەفغانی کوژراون و زیاتر لە 200 کەسیش بریندار بوون. هەروەها 27 بنکەی سەربازی ئەفغانی خاپوورکراون و نۆ چەکداری ئەفغانی بەدیلگیراون.
بارودۆخی مرۆیی لە ناوچە سنوورییەکان
لە ئیسلام ئاباد، دوو بەرپرسی باڵای ئەمنی رایانگەیاند، هێزەکانی ئەفغانستان لە هەندێک بنکەی سنووری "ئاڵای سپی"یان هەڵکردووە، وەک نیشانەیەک بۆ داوای راگرتنی شەڕ.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە پاکستان لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دەرکردنی کۆچبەرانی بێبەڵگەنامەی ئەفغانی لە وڵاتەکەی دەستپێکردووە. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 2.9 ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە ئەفغانستان، لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە نزیکەی 80 هەزار ئەفغانی دیکە دیپۆرت کراونەتەوە.