پەیامێکی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە

ساڵێک بەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان تێدەپەڕێت و هەر ئەمڕۆش پەیامێکی دیکە بڵاودەکاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی شوباتی 2026، توڵای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: بانگەوازی ئۆجەلان مێژوویی بوو،  پێویستە هەمووان بەشێوەیەک یەکسان لە وڵات دا بژین و هەروەها پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکوو بۆ هەموو هاووڵاتییانی تورکیایە و بۆ سەرخستنی دیموکراسییە.

هەروەها گوتی:  تەواوی گەلانی تورکیا لەم پرۆسەیە دا سوودمەند دەبن.

 ئەوەی ئۆجەلان داوایکرد، لەلایەن پەکەکەوە جێبەجێکرا، پیویستە دەسەڵات وەڵامی بانگەوازی ئۆجەلان بداتەوە، هەروەها بڕیاری گونجاو بدات، پێویستە نەخشە رێگەیەکی نوێ دابنرێت،  خەباتکردن دەبێتە لە چەکەوە بگۆڕدرێت بۆ سیاسەت.

لەلایەکی دیکەوە، تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووانی کرد، گوتی"کاتێک باسی دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی دەکەین، کەسانێکمان لەگەڵ بوون و ئیستاش لە دڵەوە یادیان دەکەینەوە، سری سورەیا ئوندەر زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بۆیە لە دڵەوە یادی دەکەینەوە، هەروەها بەڵێنی خۆمان بۆی دووپات دەکەینەوە کە لە رێبازەکەی بەردەوام دەبین.

گوتیشی: لە دوای بانگەوازەکەی 27ی شوبات، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی کۆنگرەی ئاشتی و دیموکراسی راگەیاند، پرۆسەی ئاشتی چووە نێو قۆناخێکی نوێ و دەرگایەی دیکە کرایەوە، سەدەیەکە لەم وڵاتە گەلی کورد کێشەی هەیە و چارەسەر نەکراوە.

هەروا ئاماژەیدا، ئەم بانگەوازە هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی پرسی کورد لە رێگەی دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێت، بانگەوازەکەی 27ی شوبات سووریاش دەگرێتەوە کە چۆن چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد بکرێت، ئەمەش دۆخەکەی باشکرد، چونکە پەیامێکی تێدایە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

تونجەر باکرهان گوتیشی: ئێمە لە دەم پارتی شەو و رۆژ لە نێو خەڵکداین و باش دەزانین ئاشتی و دیموکراسی بە تاک لایەنێک ناکرێت و سەرناگرێت.