ئه‌لمۆنیتۆر نهێنی كۆبوونه‌وه‌ی رۆبیۆ و شه‌یبانی لە میونشن ئاشكرا ده‌كات

ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، لە میونشن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەرجی ئامادەبوونی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.

پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا نهێنییەکی گفتوگۆکانی نێوان مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریای لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشیی جیهانی میونشن ئاشکرا کردووە و بە گۆێرەی زانیارییەکان روبیۆ بە شەیبانی وتووە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵت ناکرێت لە میونشن ئەگەر مەزڵووم عەبدی فەرماندەی کورد لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبێت.

رۆژنامەنووس ئەمبەرین زەمان راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆری ئامادەکردووە و نووسیویەتی "مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆبوونەوەکەی 13ی شوبات، لەگەڵ ئەسعەد شەيبانی وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادە بێت. کە دیدارەکە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان کە زانیاریی تەواویان لەسەر گفتوگۆکانی پێش کۆبوونەوەکە هەبووە، بە مەرجی مانەوەیان بە نهێنی بە 

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە زانیاریی تەواویان لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن هەبووە، بە مەرجی ئەوەی ناویان بڵاو نەکرێتەوە، بە ئەلمۆنیتۆریان راگەیاندووە؛ رۆبیۆ بە شەيبانی گوتووە ئەگەر سەرکردە سەربازییەکە کورد، مەزڵووم عەبدی لەناو شاندی سووریادا نەبێت، ئەوا کۆبوونەوەکە هەرگیز ناکرێت. هەربۆیە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، رێگەی بە شەیبانی داوە کە پابەند بێت. لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، عەبدی لە تەنیشت شەیبانی دانیشت کە بەنزیکەی دەکەوتە بەرانبەر بە روبیۆ.

ئەمبەرین زەمان لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: ئەم ساتەوەختە لەلایەن کوردانی سەرتاسەری جیهانەوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هەڵمەتی دەیان ساڵەیان بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی ئاهەنگی بۆ گێڕا. تەنانەت بەئەزموونترین چاودێرانی کاروباری کوردیشی تووشی سەرسوڕمان کرد.

هەروەها تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا، کە زۆرجار لەلایەن کوردەوە بە لایەنگری شەرع تۆمەتبار دەکرێت، وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "وێنەیەک بەرانبەر بە هەزار وشەیە. سەرەتایەکی نوێ".

هەر بە بۆچوونی ئەو سەرچاوانەی زانیاریان بە ئەلمۆنیتۆر داوە، دەڵێن باوەش پێداکردنی رۆبیو بە عەبدی زیاتر بۆ رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە نەک نیشانەیەک بێت بۆ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەسەدە.

بەگوتەی سەرچاوەکان، لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە ئەحمەد شەرع لە زیادبووندایە، بە تایبەت لەبارەی خراپ مامەڵە و رەفتاری لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناو وڵاتەکەی. تەنیا لە ساڵی رابردوو، بەهۆی توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە عەلەوی و درووزەکان کوژران، ئەمەش وای لە ئیسرائیل کرد، لە بەرژەوەندیی درووزەکان دەستێوەردانێکی بەهێزی سەربازیی لە سووریادا بکات. سەرەڕای ئەمەش، کۆنگرێس دەنگی دا بۆ هەڵگرتنی قورسترین سزا سەپیندراوەکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە شەرع بدات تا وڵاتە وێرانبووەکەی بەهۆی جەنگەوە بنیادبنێتەوە.

بەڵام هێرشی سوپای سووریا لە مانگی رابردوودا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانی پێنتاگۆن، هەنگاوێک بوو کە لە سنوور دەرچوون. 

نادین مێنزە، هاوسەرۆکی مێزگردی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی و بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی، بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە "دوای ئەوەی هێزەکانی سووریا پێشتر تێوەگلاون لە تاوانەکانی دژی پێکهاتە عەلەوی و درووزەکان، دەرکەوتنیان لە چەند ڤیدیۆیەکدا، کە تاوانی هاوشێوەی داعش ئەنجام دەدەن و سەری شەڕڤانانی کورد، لەنێویاندا ژنان دەبڕن و هاووڵاتی کوردیان دەکوشت، ئەمەش زەنگی مەترسی لە کاپیتۆڵ هیل لێدا." بەڵام هێشتا بە تەواوی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە.

توندوتیژییەکان لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب دەستیان پێکرد. هەردوو لایەن یەکتریان بە هەڵگیرساندنی پێکدادانەکان تۆمەتبار کرد. بە هەردوو بارەکەدا، دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە هەسەدە زیاتر لە سەدا %80ی ئەو ناوچانەی لەدەستدا کە کۆنتڕۆڵی کردبوون، بەتایبەتی ناوچە دەوڵەمەندەکانی بە نەوت لە پارێزگای دێرەزوور کە زۆرینەیان عەرەبن  نشینن. 

هێزەکانی حکوومەتی سووریا ئاگربەستی 9ی کانوونی دووەمی حەلەب، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا رێکخرابوو پشتگوێخست و بەرەو رۆژهەڵات بۆ ناوچە کوردییەکان پێشڕەوییان کرد و هێڵەکانی ئاگربەستیان بەزاند، کە رووباری فورات نێو بڕی هەسەدە و هێزەکانی دیمەشق بوو.

مێنزە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن هەندێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان لۆگۆی داعشیان پێوە بووە، ترس و دڵەڕاوکێی زیاتری دروستکرد، ئەگەر پێشڕەوی بۆ ناوچە کوردییەکان بکەن، چی روودەدات، کە پێکهاتەکانی وەک ئێزیدی، مەسیحی و چەند پێکهاتەیەکی دیکەشی تێدایە."

گوتیشی: " هاوکات نیگەرانییەکی دیکەش هەبوو، لەوەی زیندانەکانی داعش و کەمپی هۆل کە ئەندامانی خێزانی داعشی تێدایە، بە ئەنقەست بکرێنەوە و جیهادییە توندڕەوتەکان بگەڕێنەوە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنیی لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دروست بکەن."

ئەو ترسانە لە جێی خۆیاندا بوون، چونکە لە ناوەڕاستی پێکدادانەکاندا ژمارەیەک چەکدار کە گومان دەکرێت چەکداری داعش بن لە زیندانەکان هەڵاتن، لە کاتێکدا هەزاران کەسی دیکەش لە کەمپی هۆل هەڵاتوون و تا ئێستاش دەستگیر نەکراونەتەوە.

کۆنگرێس پشتیوانی کورد دەکات
بەگوێرەی قسەی چەند بەرپرسێکی هەسەدە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر کردووە، وا دەرکەوت فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) نەیتوانیوە یان نەیویستووە دەستێوەردان بکات. لەو کاتەدا بوو کە چەندین سیناتۆر و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران کەوتنە خۆ. سیناتۆر لیندسی گراهام سەرکردایەتیی هەڵمەتەکەی کرد. لە ڕێگەی ئێکسەوە رایگەیاند، "هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ بۆ زیندووکردنەوەی سزاکانی قەیسەر، بگرە قورستریشیان دەکەم." 

لە 29ی مانگی رابردوودا، گراهام و ریچارد بلومێنتاڵ، سیناتۆری دیموکراتەکان، پڕۆژەی (یاسای پاراستنی کورد)یان پێشکەش کرد.

ئەگەر ئەو یاسایە پەسەند بکرێت، کۆمەڵێک رێکاری سزادانی ئابووری و میکانیزمی دیکە بەسەر سووریا دەسەپێنرێت، کە هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا هەڵسانەوەی وڵاتەکە پاش لە زیاتر لە دەیەیەک شەڕ پەکدەخاتەوە و ئەو شەرعییەتە نوێیەشی لێ دەسەنرێتەوە کە بەدەستی هێناوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، رۆژێک پێش پێشکەشکردنی پرۆژەکە، گراهام لە ژوورەوە بووە، کە ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شەرع کردووە، ئەم پەیوەندییەش دووەمین پەیوەندی نێوانیان بووە لە هەفتەیەکدا، ترەمپ داوای لە سەرۆکی سووریا کردووە مەرجی گونجاوتر بە هەسەدە بدات بەراورد بەو مەرجانەی کە لە رێککەوتنی پێشوودا بە نێوەندگیریی تۆم بەڕاک لە 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە هەسەدە درا بوون. چونکە ئەو رێککەوتنە تورکیا بەپەرۆشەوە پشتیوانی دەکرد، لەبەر ئەوەی مەرجی خۆڕادەستکردنی تەواوەتی ئیدارەی خۆسەری بە دیمەشق لەخۆگرتبوو.

هەرچی رێککەوتنە نوێیەکە، کە لە 30ی کانوونی دووەم راگەیەندرا، هیچ ئاماژەیەکی لەسەر ئۆتۆنۆمی تێدا نییە، کە داواکارییەکی سەرەکیی کوردە. لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بە هەسەدە دەدات لە چواچێوەی چوار لیوادا هێزەکانی بپارێزێت لەبری ئەوەی لەناو سوپای نیشتمانیدا بتوێنرێتەوە، وەک ئەوەی لە رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەمدا هاتبوو. هاوکات هێزەکانی حکوومەتی سووریا ناچنە ناو شارۆچکە و گوندە کوردییەکانەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی زانیارییان بە ئەلمۆنیتۆر داوە، گراهام لە هەمان رۆژدا (28ی کانوونی دووەمی 2026) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دیکەشدا ئامادە بووە لە نێوان براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم و مەزڵووم عەبدی، کە تێیدا ئەمریکییەکان داوایان لە عەبدی کردووە رێککەوتنە نوێیەکە قبووڵ بکات، ئەویش داواکارییەکەی جێبەجێ کردووە.

ئەحمەد شەرع لەژێر فشاردایە

شەرع بەردەوامە لە هەستکردن بە فشارەکان، لە 10ی ئەم مانگەدا، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێکی تایبەتی سەبارەت بە سووریا بە سەرۆکایەتیی برایان ماست رێکخست. لە وتاری کردنەوەیدا، کۆنگرێسمانە کۆمارییەکەی فلۆریدا هۆشداریدا کە شەرع "پشگیرییەکی رەهای" لەلایەن ئەمریکاوە نییە. 

ماست گوتی "ئەمریکا لەو پێشکەوتنانەی کە تا ئێستا بەدەستیهێناوە رازی نییە و زۆرێک لە هەنگاوەکانی وەک هەنگاونان بەرەو دواوە دەبینێت. پێویستە ئەحمەد شەرع باشتر کار بکات. ئەمانە شتانێکی ئاسان نین بۆ مامەڵەکردن، بەڵام هەنگاوەکانی ئەم دواییە دژی درووز، کورد و عەلەوییەکان، هەموویان هەنگاون بە ئاراستەیەکی هەڵەدا."

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ئەلمۆنیتۆری گوتووە، دیمەنی کۆبوونەوەکەی روبیۆ لەگەڵ عەبدی، کە وێنەکانیان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، پەیامێکی روونی ئیدارەی ئەمریکا بۆ کۆنگرێس، واتە "کە ئێمە گوێمان لێتانە"، هەروەها ئاراستەیەکی دیکەی پەیامەکە بۆ ئەحمەد شەرعە کە "ئێمە چاودێریت دەکەین."