رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: ئێران ھەڕەشەی سەركیی دە ساڵی داھاتوومانە
نەمانی متمانەی ھاووڵاتیانی ئیسرائیل بە سەركردە مەدەنی و سەربازییەكانیان یەكێكە لە ھەڕەشەكانی دیكە
K24 – ھەولێر:
ئەمڕۆ یەكشەممە، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئەو ھەڕهشانەی ئاشكراكرد، كە لە 10 ساڵی داھاتوودا دووچاری وڵاتەكەیان دەبنەوە. جەختیشیكردەوە لەوەی ئێران لەسەرووی ھەموو ئەو ھەڕەشانەیە و مەترسی راستەقینەیە بۆ سەر وڵاتەكەیان.
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنۆت"ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل لە دەیەی داھاتوودا دووچاری زۆر ھەڕەشە دەبێتەوە، گرنگترینیان ھێرشی لە ناكاوە لە بەرەی ناوخۆییدا و ھێرشە سیبرانییەكان و نەمانی متمانەیە بە سەركردە سیاسیی و سەربازییەكانی ئیسرائیل.
رۆژنامەكە لە ژێر ناوونیشانی "ھەڕەشەكانی دەیەی داھاتوو" نووسیویهتی: وێڕای ئەوەی لە میانی 10 ساڵی رابردوودا زۆر ھەڕەشە لەسەر ئیسرائیل ھەبوون، بەڵام سەركەوتوو بوو لە رووبەڕووبوونەوەیان، بەتایبەتی لە دوو ساڵی رابردوودا، بەڵام پێدەچێت لە دەیەی داھاتوودا ئیسرائیل دووچاری مەترسی و ھەڕەشەی گەورەتر بێت.
رۆژنامەكە روونیكردووەتەوە، ئێران لەسەرووی ئەو ھەڕەشانەیە، كە مەترسی راستەقینەن بۆ سەر وڵات، ھەڕەشەی دیكەش ھەن لەوانە، ھێرشێكی لە ناكاو لە بەرەی ناوخۆییەوە بەڕێگای چەكی پێشكەوتوو و مووشەكی كرۆز، یان بەڕێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان یان ھێرشەكانی "سایبەر" یان ھێرشی مووشەكی سەرووی دەنگ. ئەمە جگە لە نەمانی متمانەی ھاووڵاتیانی ئیسرائیل بە سەركردە مەدەنی و سەربازییەكانیان.
رۆژنامەكە داوایكرد، ستراتیجییەتێكی راستەقینە دابنرێت بۆ رێگریكردن لە بەردەوامبوونی ئەو ھەڕەشانە لە سەر وڵاتەكەیانن، بەتایبەتی ھەڕەشەی ئەتۆمی ئێرانی، كە ھەڕەشەیەكی ھەبوونییە لە سەر وڵاتەكەیان. ئاماژەشیكرد، دۆسیەی ئێران لە ئەجێندای ھەر حكومەتێكی ئیسرائیلی تەنانەك ئەمەریكاییش ھەر دەمێنێتەوە.