بەهۆی بەفربارینەوە لە15 پارێزگای باکووری کوردستان کرایە پشوو

بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین و سەرماوە، لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندرا، هاوکات رێگای هاتوچۆی زیاتر لە هەزار ناوچەی نیشتەجێبوون و گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخران.

ئەمڕۆ هەینی، 27ی شوباتی2026، بەهۆی بەفربارینی بەردەوام و نالەباری کەشوهەوا، پارێزگارییەکانی 15 پارێزگای باکووری کوردستان پشووی فەرمییان لە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیاند. بەپێی بڕیاری پارێزگاکان، پشووەکە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە، هەروەها ئەو فەرمانبەرە ژنانەی دووگیانن یان منداڵیان لە دایەنگەیە، لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، مۆڵەتی کارگێڕییان پێدراوە.

ئەو پارێزگایانەی پشوویان تێدا ڕاگەیەندراوە بریتین لە: (ئەرزنجان، ئەرزەڕۆم، دێرسم، وان، ماڵاتیا، بینگۆل، بەدلیس، ئاگری، سێواس، شرناخ، ئەردەخان، سێرت، مەڕەش، قەرس و هەکاری).

لەلایەکی دیکەوە، بەفربارین و کڕێوە ئاستەنگی زۆری بۆ هاتووچۆ دروست کردووە. لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس، هەکاری و مووش، ڕێگای هاتووچۆی هەزار و 77 ناوچەی نیشتەجێبوون و گوند داخراون. تەنیا لە پارێزگای وان، ڕێگای 390 ناوچە پەکیکەوتووە، لە بەرانبەریشدا شارەوانیی گەورەشاروونی وان بە 600 کارمەند و 240 ئامێری بەفرڕاماڵینەوە لە هەوڵی پاککردنەوەی شەقامەکان و کردنەوەی ڕێگاکاندایە.

ئامارەکان نیشانی دەدەن لە پارێزگای بەدلیس ڕێگای 304 گوند و لە پارێزگای مووش ڕێگای 173 گوند بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە بەڕووی هاتووچۆدا داخراون و تیمەکانی ڕێگاوبان سەرقاڵی کردنەوەیانن.