لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە روبیۆ سەردانی ئیسرائیل دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارە rۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە سەردانی ئیسرائیل بکات و گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئێران بکات.

هەینی 27ی شوباتی 2026، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بڕیارە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە 2 یان 3ی ئادار سەردانی ئیسرائیل دەکات.

گوتەبێژی وەزراتەی درەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، مەبەستی سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی دواین پەرەسەندەکانی ناوچەکە لە نێوانیاندا، ئێران و لوبنانە، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی ئەمریکا لە کەرتی غەززە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیسرائیل گفتوگۆ سەبارەت بە دۆسیەی ئێران ئەنجام بدات.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بەردەوامە و لە سایەی هەڕەشەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر تاران، دۆخەکە ئاڵۆز بووە.

ئەم سەردانەی ڕوبیۆ هاوکاتە لەگەڵ سەرنجەکانی جیهان لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای، کە ئایا فەرمانی زنجیرەیەک هێرشی نوێی سنووردار بۆ سەر ئێران دەردەکات یان نا.

هاوکات لە رۆژی پێنجشەممە، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە باڵاکانی ترەمپ بە نێوەندگیری سەڵتانەتی عومان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی و ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. واشنتن فشار لە تاران دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، سنووردارکردنی پەرەپێدانی مووشەکە بالیستییەکان و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە

لە بەرانبەردا، ئێران داواکارییە فراوانەکانی ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە و پێداگری دەکات کە گفتوگۆکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بن.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکان و خێزانەکانیان کردووە کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان لە ناوچەکە، بەتایبەت لە لوبنان و ئیسرائیل جێبهێڵن. حکومەتەکانی ئەورووپاش رێوشوێنی هاوشێوەیان گرتووەتەبەر؛ ڕۆژی هەینی بەریتانیا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە کارمەندەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە ئێران کشاندەوە.