ئەمەریکا و ئەوروپا و بەریتانیا دیپلۆماتکارانیان لە ئیسرائیل و ناوچەکە دەکشێننەوە
لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شکستهێنانی گفتوگۆکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و پۆڵەندا زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بەپەلەیان گرتەبەر و هۆشداریی توند دەدەنە هاووڵاتییانیان کە دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵن.
هەینی 27ـی شوباتی 2026، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە قودس ڕایگەیاند، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، مۆڵەتی بە بەشێک لە کارمەند و خێزانەکانیان داوە کە ئیسرائیل جێبهێڵن. ئەم بڕیارە جیاوازە لە فەرمانی ناچاری کە لەم هەفتەیەدا بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە بەیرووت دەرچوو، بەڵکوو لە ئیسرائیل بژاردەکە دراوەتە دەست کارمەندەکان خۆیان.
هەروەها ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کردووە کە مایک هەکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، لە ئیمەیڵێکدا بۆ کارمەندەکانی نووسیوە: پێویست بە ترس و شڵەژان ناکات، بەڵام گرنگە ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن، دەبێت هەر ئەمڕۆ پلانی ڕۆیشتن دابنێن و جێبەجێی بکەن.
هاوکات نووسینگەی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە، بەشێک لە کارمەندانی دیپلۆماسی و خێزانەکانیانی لە تەلئەڤیوەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی ئیسرائیل گواستووەتەوە. هەروەها هەر ئەمڕۆ بەریتانیا کارمەندەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە ئێران بە تەواوی کشاندەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە ئیسرائیل هێشتا لە دۆخی جەنگدایە و بە توندی ئامۆژگاری هاووڵاتییانی دەکات گەشتی بۆ نەکەن. فەرەنساش داوای لە هاووڵاتییانی کردووە تەنانەت بۆ گەشتوگوزار یان سەردانی خێزانیش، سەردانی ئیسرائیل، قودس و کەناری ڕۆژئاوا نەکەن و لە خۆپیشاندانەکان دووربکەونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بە شێوەیەکی زۆر توندتر هۆشداری داوە و لە سێ پەیامی جیادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەپەلە ئێران، ئیسرائیل و لوبنان جێبهێڵن.
وەزارەتەکە هۆشداری داوە، دۆخی ئەمنی ناجێگیرە و مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان زۆر بەرزە. ئەگەری هەیە ئاسمانی ناوچەکە بەڕووی فڕۆکە مەدەنییەکاندا دابخرێت، کە ئەوەش گەڕانەوەتان مەحاڵ یان زۆر ئەستەم دەکات.
هەروەها بەشێک لە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئەمەریکا لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ژمارەیک کارمەندی خۆی لە عێراق و کوێت کشاندووەتەوە، بەڵام تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردووەتەوە
ئاژانسی هەواڵی "شینخوا"ی فەرمیی چین، ڕۆژی هەینی 27ی شوباتی 2026 بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران، داوایان لە هاووڵاتییانی چین کردووە بە ئەوپەڕی وریاییەوە ڕێکارەکان بگرنەبەر و تاوەکوو گەشتە ئاسمانییە نەوەستاون، ئێران جێبهێڵن.
ئەم هەڵمەتە فراوانەی گواستنەوەی دیپلۆماتکاران لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە دواین خولی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات.