ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناوی بەرەی نوسرەی لە لیستی سزاکان دەرهێنا
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا ناوی رێکخراوی "بەرەی نوسرە"ـی پێشوو، کە دواتر بە "دەستەی تەحریر شام" ناسرا، لە لیستی سزاکان دەربهێنێت، ئەمەش لە دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشوو دێت کە پەیوەست بوون بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
لیژنەی سزاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی 1267 (1999) و 1989 (2011) و 2253 (2015)ی تایبەت بە رێکخراوی داعش و قاعیدە و ئەو کەس و گرووپ و قەوارانەی پەیوەستن پێیانەوە، بڕگەیەکی لە لیستی سزاکان لابردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بلۆککردنی سامانی دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردن و قەدەغەکردنی چەک کە لە بڕگەی 1ـی بڕیاری 2734 (2024)ـی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە و بەپێی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوە، چیتر بەسەر "بەرەی نوسرە"دا جێبەجێ نابێت.
دەستەی تەحریر شام لە سەرەتادا بە ناوی بەرەی نوسرە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی سووریادا پێکهات و لەو کاتەدا لەلایەن سەرۆکی ئێستای سووریا، ئەحمەد شەرع سەرکردایەتی دەکرا، حکوومەتی ئەمەریکاش لەو کاتەدا وەک "گرووپێکی تیرۆریستی" پۆلێنی کرد، پێش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیار بدات بیخاتە لیستی سزاکانی قەوارە و کەسانی سەر بە رێکخراوی قاعیدە.
لەلایەکی دیکەوە، لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا، حکوومەتی بەریتانیا بە فەرمی سڕینەوەی ناوی "دەستەی تەحریر شام"ی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە قەدەغەکراوەکان راگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رەخساندنی دەرفەتی هاوکارییەکی نزیکتر لەگەڵ سووریا.
حکوومەتی بەریتانیا جەختی کردبووەوە، کە بڕیارەکە دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد و راوێژی تێروتەسەل لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە و هاوکاتە لەگەڵ رێکارێکی هاوشێوە کە پێشتر ئەمەریکا گرتبوویە بەر.