نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی تۆمارکرد
حەوت مانگە گرانتر دەبێت
نرخی زێڕ لە دواین خولی مامەڵەی بازاڕەکانی جیهان بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی تۆمار کرد، تەنیا لە رۆژی هەینی 90 دۆلار چووەتە سەر نرخەکەی. پەرەسەندنی گرژییە جیۆسیاسییەکان لە دوای درێژکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، دابەزینی قازانجی سەر قەواڵەکانی ئەمریکا بەهۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەستنیشان دەکرێن.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 1.74%بەرزبووەوە و گەیشتە پێنج هەزار و 274 دۆلار، ئەمە بە بەرزترین نرخی ئەو کانزا زەردە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دادەنرێت، نرخی زێڕ تەنیا لە مانگی شوبات 8.51% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
فیلیپ ستریبل، بەرپرسی ستراتیجی بازاڕ لە کۆمپانیای "Blue Line Futures" رایدگەیەنێت، " "نیگەرانییەکی زۆر لەبارەی دۆخی جیۆسیاسیی جیهان هەیە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەگەری زۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەم هەفتەیەدا رووبدات، بۆیە وەبەرهێنەران پەنا دەبەنە بەر کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان."
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان کە لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا رۆڵی ناوبژیوان دەگێڕێت، لەدوای گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رایگەیاند، " پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکان بەدەستهاتوون، بەڵام بەبێ گەیشتن بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هات کە بتوانێت رێگری لە هێرشە ئەگەرییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکات."
مەترسییەکان هێندەی دیکە لە بازاڕەکان زیاتر بوون، دوای ئەوەی رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە قودس رایگەیاند، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، مۆڵەتی بە بەشێک لە کارمەند و خێزانەکانیان داوە کە ئیسرائیل جێبهێڵن.
هاوکات، قازانجی سەر قەواڵە 10 ساڵییەکانی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دابەزی، ئەمە وای کرد؛ زێڕ سەرنجڕاكێشتر بێت لەلای وەبەرهێنەران بەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی هەڵگرتنی ئەو کانزا بەنرخە.
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ نرخی زێڕ، فیلیپ ستریبل پێی وایە، ئامانجی داهاتووی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوە بریتییە لە 5,450 دۆلار، لەکاتێکدا ئاستی پشتگیریی سەرەکی 5,120 دۆلارە.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی فەرمانگەی سەرژمێری و ئاماری هۆنگ کۆنگ دەریانخستووە؛ هاوردەکردنی زێڕ لەلایەن چینەوە کە گەورەترین بەکاربەری زێڕە لە رێگەی هۆنگ کۆنگەوە لە مانگی کانوونی دووەم 68.7% بەبەراورد لەگەڵ مانگی کانوونی یەکەم زیادی کردووە و بووەتە پشتگیرییەکی دیکە بۆ نرخی زێڕ.