رۆیتەرز: ترەمپ هێرشەکەی سەر ئێرانی بە مەترسیییەکی بەرز و دەستکەوتێکی گەورە وەسف کردووە

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، دۆناڵد ترەمپ راپۆرتێکی وەرگرتووە کە تێیدا هۆشداری دراوە لە مەترسیی گیانی بۆ سەربازانی ئەمریکا، بەڵام هاوکات بەڵێنی گۆڕانکاریی نەوەکان و سەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ دراوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە "مەترسیی بەرز و دەستکەوتی گەورە" وەسف کراوە.

شەممە 28ی شوباتی 2026، پێنتاگۆن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان" (Operation Epic Fury)ی راگەیاند، کە بووە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە ناو قۆناغێکی نوێ و پێشبینینەکراوەوە. سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین پێگەیان لە ئێران بۆردوومان کرد و لە بەرانبەردا ئێران وەڵامی دایەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا دانی بە مەترسییەکەدا نا و گوتی: لەوانەیە گیانی سەربازەکانمان لەدەست بدەین، بەڵام ئێمە ئەمە بۆ داهاتوو دەکەین و ئەرکێکی پیرۆزە.

ترەمپ بە روونی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی دیاری کردووە و دەڵێت، کۆتاییهێنان بە مەترسیی تاران بۆ سەر ئەمریکا، پێدانی دەرفەت بە گەلی ئێران بۆ رووخانی دەسەڵاتدارانیان، تێکشکاندنی پیشەسازیی مووشەکی و هێزی دەریایی ئێران، ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و بڕینی دەستی گرووپە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە، ئەمە ئامانجی هێرشەکانمانە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلیش ئاشکرای کردووە کە عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئێران و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کراونەتە ئامانج، بەڵام چارەنووسیان دیار نییە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، پێش هێرشەکە چەندین کۆبوونەوەی نهێنی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەچووە بە بەشداریی جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری CIA، دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا

بەرپرسان هۆشدارییان داوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەکە سنووردارە و ئەگەری ئەوە هەیە مووشەکەکانی ئێران بەسەر بەرگرییەکاندا زاڵ ببن و بنکەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.

ترەمپ رایگەیاند: 47 ساڵە ئێران دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێتەوە و خوێن دەڕێژێت، ئێمە چیتر بەرگەی ئەمە ناگرین." داوای لە ئێرانییەکان کردووە حکوومەتەکەیان بڕووخێنن، بەڵام نیکۆڵ گراجێڤسکی، شارەزا لە کارنیگی ئیندۆمێنت، دەڵێت ئەمە قسەیەکی ئاسانە بەڵام جێبەجێکردنی سەختە، چونکە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پەرتەوازەیە و ڕوون نییە خەڵک ئامادەی ڕاپەڕین بن.

دانیێڵ شاپیرۆ، بەرپرسی پێشووی پێنتاگۆن هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەمە قومارێکی گەورەیە، ئێران مووشەکی بالیستی زۆری هەیە و لە ژمارەی سیستەمە بەرگرییەکانی ئێمە زیاترن، بۆیە بەشێک لە چەکەکانی ئێران بەر ئامانجەکان دەکەون."