سبەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە کۆدەبێتەوە
بڕیارە سبەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی مەترسییەکان و دۆخی سەربازیی ئاڵۆزی ناوچەکە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بە پەلە ئەنجام بدات.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەو پێشهاتە خێرایانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن، هاوپەیمانییەکە بڕیاری داوە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلە ساز بکات.
ئەمینداری هاوپەیمانییەکە ئاشکرای کرد، کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر دۆخی سەربازی، ئەمنیی ناوچەکە و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.