نێچیرڤان بارزانی و شەیبانی جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی سووریا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، تاوتوێ کرد.
ئێوارهی ئەمڕۆ شەممە 28ـی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاوە پێگەیشت.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، تاوتوێ کران.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ههردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.