محەممەدی حاجی مەحموود: ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵەیەکی ستراتیژییان کردووە
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی توندی خۆی لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگەیاند و ئەمریکای بە ئەنجامدانی هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە تۆمەتبار کرد.
شەممە 28ـی شوباتی 2026، محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند،" ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، لە بەرامبەریشدا ئێران وەڵامی توندی داوەتەوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج".
محەممەدی حاجی مەحموود بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە دەستدرێژی و شەڕفرۆشتنی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوی برد، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو وڵاتە بوونەتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا و بەرپرسیاری هەر وێرانکاری و کوشتارێک لە ئەستۆی ئەواندایە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا هاتووە: "جارێکی تر ئەمریکا و ئیسرائیل شەڕیان هەڵگیرساندەوە، بەڵام ئەمجارە وەستاندنی لە دەستی ئەواندا نابێت، چونکە ئەمریکا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کردووە."
لە کۆتاییدا، محەممەدی حاجی مەحموود هیوای خواست کە خوای گەورە هەرێمی کوردستان بپارێزێت لەو شەڕەی کە بە گوتەی ئەو ئەمریکا هەڵیگیرساندووە.