ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین: ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات دەکات

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، رایگەیاند، ئەوروپا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران دەکات کە ئیماراتی عەرەبییان کردە ئامانج و بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ناودەبات.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتی عەرەبی قسەم کرد، پشتیوانی تەواوی خۆمانم بۆ دەربڕین و سەرەخۆشیم لێکردن بەهۆی ئەو هێرشانەی ئێران و ئەو زیانانەی لێیان کەوتەوە."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەوروپا بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە بێ پاساوانە دەکات."

جەختیشی کردەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەق و راشکاوی سەروەری ئیمارات و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە یەکەمجار نییە ئیمارات رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و بریکارەکانی دەبێتەوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، راشیگەیاندووە، "ئەوروپا بە تەواوی پاڵپشتی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا رادەگەیەنێت و بەردەوام دەبین لە پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییە گرنگەکاندا."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە 29ـی شوباتی 2026، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوە رێکدەخەم بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران و ئەو رووداوە خێرایانەی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدەن.

هەروەها لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وڵاتانی کەنداو لە پەیوەندیدا بەردەوامدا دەبین، هێرشە بێسەروبەرەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر دراوسێکانی، مەترسی پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ ناو شەڕێکی فراوانتر لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن و ئێمە ئەمە سەرکۆنە دەکەین.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردووە، زۆر گرنگە شەڕەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و پێویستە رژێمی ئێران بژاردەکانی خۆی یەکلا بکاتەوە.