سێنتکۆم: لە هێرشەکانی ئێران هیچ زیانی گیانیمان نەبووە
سێنتکۆمیش ڕایدەگەیەنێت، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی سەرۆکی ئەو وڵاتە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا بە ناوی 'تووڕەیی داستان ' بۆ سەر پێگە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد و بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشە پێچەوانەکانی ئێرانیان داوەتەوە؛ جەختی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا تۆمار نەکراوە و ئەو زیانانەی بەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوتوون زۆر کەم بوون.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 28ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی "Epic Fury - تووڕەیی داستان" بۆ سەر پێگەکانی رژێمی ئێران دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان کاتژمێر 9:15ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵات دەستیان پێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و لەناوبردنی ئەو شوێنانە بووە کە مەترسیی دەستبەجێیان دروست کردووە. ئامانجەکان بریتی بوون لە بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، و فڕۆکەخانە سەربازییەکان.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەمبارەیەوە گوتی: سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە کارێکی بوێرانە کرد، و سەربازانی ئازای ئێمە لە هێزە وشکانی، دەریایی، ئاسمانی و پاسەوانانی سنوورەوە وەڵامی بانگەوازەکەیان دایەوە.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد، دوای شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی سەدان هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران بدەنەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا تۆمار نەکراوە و ئەو زیانانەی بەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوتوون زۆر کەم بوون و کاریگەرییان لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان نەبووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە کاتژمێرە یەکەمەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، چەکی وردپێک لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە بەکارهێنراون. هەروەها بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، یەکەی "تاسک فۆرس سکۆرپیۆن"ی سەر بە سێنتکۆم، درۆنی هێرشبەری تێچوو کەمی یان بەکارهێناوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک گەورەترین کۆکردنەوەی هێزی ئاگرینی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ماوەی نەوەیەکدا چەندین دەیەی رابردوو وەسف دەکرێت.