ترەمپ: ئێران هەرگیز خواستی رێککەوتنی نەبووە
سەرۆکی ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، کە سیناریۆی جیاوازی لەبەردەستدایە بۆ بەڕێوەبردنی جەنگەکە، کە یەکێکیان "دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێکە" و ئەوی دیکەشیان کۆتاییهێنانە بە جەنگە لە ماوەی چەند رۆژێکدا.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، پەردەی لەسەر هۆکارەکانی شکستھێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ستراتیژیی ئێستای ئەمریکا بەرانبەر ئێران هەڵدایەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە ئێران چەندین جار زۆر نزیک بووەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام لە دواساتدا پاشەکشەی کردووە.
ترەمپ گوتی: "ئەوان چەندین جار نزیک دەبوونەوە و دواتر پەشیمان دەبوونەوە، ئەمەش وای لێ کردم بگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەوان هەرگیز بە راستی خواستی رێککەوتنیان نەبووە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، کە داوای لە تیمەکەی کردووە ئەرشیفی هێرشەکانی ئێران لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا کۆبکەنەوە. بە گوتەی ترەمپ، دەرئەنجامەکە ئەوە بووە کە: "هەموو مانگێک ئێران کارێکی خراپی کردووە؛ شتێکی تەقاندووەتەوە یان کەسێکی کوشتووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ بەرگریی لە هێرشەکەی مانگی حوزەیران کرد کە ناوی لێنابوو "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو". ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئەو هێرشە نەبوایە، ئێستا ئێران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "باش"ی لەگەڵدا ئەنجام داوە و گوتی: "من و ناتانیاهۆ لەسەر هەمان هێڵین و هاوڕاین.
سەبارەت بە ماوەی جەنگەکە، ترەمپ رایگەیاند کە چەندین "دەرچە و بژاردە"ی لەبەردەستدایە:
بژاردەی یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی هەڵمەتە سەربازییەکە و "دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی هەموو شتێک."
بژاردەی دووەم: کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا و هۆشداریدان بە ئێران دژی هەر هەوڵێک بۆ خۆڕێکخستنەوە.
ترەمپ دەشڵێت: "بە هەر شێوەیەک بێت، نۆژەنکردنەوە و دووبارە ئاوەدانکردنی ئێران دوای ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ، ساڵانێکی زۆری دەوێت."
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.