کۆشکی سپی: ترەمپ قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەبی و ئەوروپا کردووە

سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و سکرتێری گشتیی ناتۆ و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە؛ ئاماژەشی داوە، کۆنگرێس لە هێرشەکان ئاگادار کراوەتەوە.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، کارۆڵاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی، سعوودییە، قەتەر، ئیمارات و ناتۆ کردووە.

کارۆڵاین لە پەیامێکی دیکەی دا، باسی لەوە کردووە، ترەمپ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بە تەلەفۆن قسەی کردووە.

سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ئاماژەشی داوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لە هێرشەکە ئەندامانی کۆنگرێسی ئاگادار کردبووەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 9:15ی بەیانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و  بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، و فڕۆکەخانە سەربازییەکانیان بۆردوومان کرد.