یانەی هەولێر یارییەکەی بەرانبەر دیالە بۆ کاتێکی نادیار دواخست

یانەی وەرزشی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیری باری ئەمنیی ناوچەکە، یارییەکەی سبەی یانەکەیان بەرانبەر یانەی دیالە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، راگەیاندنی یانەی وەرزشی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر راسپاردەی سەفین یاسین، سەرۆکی یانەکە و بە لەبەرچاوگرتنی باری نائاسایی ناوچەکە بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، بڕیاریانداوە یارییەکەی گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجام نەدەن.

یانەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی گیانی هاندەرانی یانەی هەولێر دراوە و یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

بڕیار بوو سبەی یانەی هەولێر لە ناو یاریگای خۆی میوانداری یانەی دیالە بکات، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە، چالاکییە وەرزشییەکە راگیرا.