ئەنساروڵڵای یەمەن: تۆڵە لە بکوژانی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەینەوە

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، بە بەیاننامەیەکی فەرمی سەرەخۆشی لە گەل و حکوومەتی ئێران دەکات و جەخت لە بەردەوامی رێبازی "جیهادی پیرۆز" دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەل و دەوڵەتی ئێران و تەواوی ئومەی ئیسلامی کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرەخۆشی کوژرانی رێبەری شۆڕشی چەوساوەکان، ئیمام عەلی خامنەیی دەکەین، لە رێگەی قودسدا کوژرا . ئەو لە ماوەی تەمەنی تێکۆشانی خۆیدا، فیداکاری و خۆڕاگر بوو لە بەرەنگاربوونەوەی تەوەرەی شەڕ، ئیستیکبار و ستەمکاری جیهانی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

ئەنساروڵڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، رێبازی رێبەری کۆچکردوو، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە لە وانە قووڵەکان و وەک چرایەکی ئومێد بۆ ئازادیخوازانی جیهان دەمێنێتەوە. هەروەها جەختیان کردووەتەوە شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەموو پڕوپاگەندە نەرێنییەکان، توانیویەتی شکۆ، یەکێتی و بەها راستەقینەکانی جیهاد بۆ پشتیوانی لە مەزڵوومان زیندوو بکاتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا پابەندی خۆی بە وەستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تەواوی ئازادیخوازانی ئومەی ئیسلامی دووپات کردەوە. مەکتەبی سیاسی ئەنساروڵڵا رایگەیاند: "خوێنی پاکی رێبەری کوژراو، رێگای رووبەڕووبوونەوەی زاڵمان و دەستدرێژیکاران رووناکتر دەکاتەوە. ئێمە باوەڕی تەواومان بە بەڵێنی خودایی هەیە کە سەرکەوتنی کۆتایی نزیکە و لە شەڕی "سەرکەوتنی بەڵێندراو" تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکان بێ سازش بەردەوام دەبین."