لاریجانی: یەکڕیزی گەلی ئێران تەڵسمی دوژمنانی بۆ پارچەپارچەکردنی وڵات شکاند
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و رایگەیاند، پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی سەقامگیری ئێران و دروستکردنی دووبەرەکی شکستی هێناوە.
لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا وئیسرائیل وایان دەزانی لە رێگەی وەشاندنی لێدانی قورس لە بەشە سەربازییەکان و کوژرانی سەرکردە باڵاکان، دەتوانن ترس و تۆقاندن بڵاوبکەنەوە." گوتیشی: "ئەوان هیوایان وابوو خەڵک بڕژێننە سەر شەقامەکان و ڕژێم تووشی گۆڕانکاری بکەن، بەڵام گەلی ئێران بە وشیاری و یەکڕیزی خۆیان ئەو تەڵسمەیان شکاند کە بۆ پارچەپارچەکردنی ئێران داڕێژرابوو."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند; "لە ماوەی رابردوودا دوژمنان هەموو رێگەیەکیان تاقیکردەوە، لە سزای ئابوورییەوە تا دروستکردنی کێشەی بژێوی بۆ فشارخستنە سەر خەڵک و حکوومەت، بەڵام خۆڕاگری گەلی ئێران هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی." ناوبراو گوتی: "دوژمنان لە 'فیتنەی' ئەم دواییانەدا دەیانویست یەکڕیزی نیشتمانی کەم بکەنەوە، بەڵام ئامادەبوونی خەڵک لە 22ـی بەفرانباردا هەموو پلانە شەیتانییەکانی پووچەڵ کردەوە."
لاریجانی ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنانەت بەرپرسانی ئەمریکاش درکیان بە بنبەستی سیاسەتەکانیان کردووە. گوتیشی: "وەک چۆن ویتکۆف ئاماژەی پێداوە، تڕەمپ سەرسام بووە لەوەی سەرەڕای هەموو فشار و ئیمکاناتەکان، گەلی ئێران نە دەترسن و نە تەسلیم دەبن." ئەو جەختی کردەوە، "ئێران لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی راوەستاوە کە بریتین لە گەلێکی وشیار و ڕێبەرێکی ئاگا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاریجانی باسی لە پێگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی کرد وەک کەسایەتییەکی دەگمەن کە مێژوویەکی درێژی لە خەبات دژی ستەمکاری هەیە، چ لە سەردەمی رژێمی پێشوو و چ لە کاتی شەڕ و بەڕێوەبردنی وڵاتدا. گوتیشی: "رێبەرایەتی هەمیشە بە دیدێکی ورد و دوورکەوتنەوە لە ژیانی شاهانە، رێنوێنی خەڵکی کردووە، ئەمەش وای کردووە دوژمنان هەمیشە بە چاوێکی مەترسیدارەوە سەیری پێگەی بەڕێزیان بکەن."
عەلی لاریجانی وێڕای ئاماژەدان بە تاڵیی ئەو رووداوانەی دوایی و کۆچی دوایی کەسایەتییە پایەبەرزەکان، رایگەیاند: "کردەوەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی دڵی گەلی ئێرانی سوتاند، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە ئەم کارانە بێ وەڵام نامێننەوە." ئەو جەختی کردەوە، گەلی ئێران وەک چۆن لە مێژوودا بەرامبەر هێرشی مەغۆلەکان و تەحەدیاتە گەورەکان وەستاوەتەوە، لەم قۆناغە سەختەش بە سەربەرزی تێپەڕ دەبێت."