کۆمپانیا ژاپۆنییەکان کارەکانیان لە گەرووی هورمز راگرت

دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ژاپۆن کارەکانیان لە گەرووی هورمز راگرت. 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، گوتەبێژی کۆمپانیای نیپۆن یوسن رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە رێنمایی بە کەشتییەکانی خۆی داوە، ترانزێتکردنی ناوچەکە رابگرن.

هەروەها کۆمپانیای 'میتسوی ئۆ ئێس کەی لاینز' رایگەیاند، "ئێمە خۆمان لە گەشتکردن بە گەرووی هورمزدا ​​بەدوور دەگرین، ​​کەشتییەکانمان رێنمایی کراون کە لە ئاوە سەلامەتەکاندا بمێننەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەلامەتی کارمەندان و بارهەڵگرەکان و کەشتییەکان لەکارە لە پێشینەکانی ئێمەیە.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای کاوازاکی کیسن باسی لەوەکردووە، ژمارەیەک لە کەشتیەکانیان کە ئێستا لە کەنداودان سەلامەتن، بەڵام بەنیازنین کەشتیەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بنێرن تاوەکو دۆخەکە سەقامگیر دەبێت.

گەرووی هورمز یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکان لە جیهاندا، نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ بڕێکی بەرچاو لە گازی سروشتی شل.