پزیشکیان: مافی خۆمانە تۆڵە بکەینەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، تیرۆرکردنی رێبەری باڵای وڵاتەکەی بە "راگەیاندنی جەنگی ئاشکرا" دژی ئۆمەتی ئیسلام و شیعەکانی جیهان وەسف کرد.

 پزیشکیان جەختیشی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڵەسەندنەوە لە ئەنجامدەران و فەرماندەرانی ئەم تاوانە مێژووییە بە مافێکی رەوا و ئەرکێکی سەرەکی دەزانێت و لەسەر رێباز و ئامانجە نەمرییەکانی ئەو سەرکردەیە بەردەوام دەبێت.

دەقی پەیامەکە:

بسم الله الرحمن الرحیم

«و لا تقولوا لمن یقتل فی سبیل الله اموات بل احیاء و لکن لاتشعرون»

"بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، فەرماندەی گەورەی ئۆمەتی ئیسلام و رێبەری باڵا و مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عەلی ئیمام خامنەیی، بە دەستی شوومترین دوژمنانی جیهان شەهید کرا. ئەم رووداوە گەورەترین تاقیکردنەوە و بەڵای ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامە. ترۆرکردنی باڵاترین مەقامی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رێبەر و مەرجەعی دیاری جیهانی تەشەیووع لەلایەن هێرشە شوومەکەی ئەمریکا-ئیسرائیل، بە راگەیاندنی جەنگی ئاشکرا دژی موسڵمانان، بەتایبەت شیعەکانی هەموو گۆشەیەکی جیهان دادەنرێت."

"ئێرانی ئازیز لە ماوەی 37 ساڵ رێبەرایەتیی حەکیمانەی شەهید ئایەتوڵڵا عەلی ئیمام خامنەیی، رێبازە رووناکەکەی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بە شکۆ و دەسەڵاتەوە بەردەوام کرد و بووە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ئیستکبار و سەربەخۆییخوازی. ئەو رێبەرە گەورە و خوداییە بە پشت بەستن بە ئیرادە و دەنگی گەل، عیزەت و کەرامەتی بە نەتەوەی ئێران بەخشی و وەک کۆڵەکەیەکی بەهێز، بووە هۆی چقڵی چاوی دوژمنانی ئیسلام و ئێران.

"ژیربیری و دووربینی، خۆڕاگری و وەستانەوە لە بەرانبەر ستەم، دڵسۆزی بۆ ئیمام خومەینی و ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی، میهرەبانی، زانست و زانیاری، و ئیمانی پاک بە پەروەردگار، ناوێکی نەمری بۆ شەهید ئیمام خامنەیی لە مێژووی هاوچەرخدا هاوشانی ئیمام خومەینی (رە) برەخساند. بە راستی هیچ شتێک جگە لە شەهیدبوون لە بەرەی جەنگ دژی دوژمنانی ئیسلام، شایستەی ناو و پلەی ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی خامنەیی نەبوو."

"کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوێنخوازی و تۆڵەسەندنەوە لە ئەنجامدەران و فەرماندەرانی ئەم تاوانە مێژووییە بە ئەرک و مافی رەوای خۆی دەزانێت و بە هەموو توانایەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە دەکات."

"من لای خۆمەوە دووبارە سەرەخۆشی لە ئۆمەتی ئیسلامی، گەلی شەریفی ئێران و هەموو لایەنگران و رێبوارانی ئەم رێبەرە نەمرە دەکەم و جەخت لەسەر ئیرادەی نەگۆڕمان بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی ئەم پیاوە گەورەیەی مێژوو دەکەمەوە. لە خودای مەزن داواکارم کە تەبایی و یەکگرتوویی بەرپرسان و گەلی شەریفی ئێران لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشی ئیسلامی و بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و ئازادی لە کۆمەڵگادا زیاتر بکات."