پزیشکیان: هیوا و ئاواتی دوژمنان پووچەڵ دەکەینەوە

سەرۆککۆماری ئێران، بە فەرمی دەستپێکردنی کارەکانی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی" راگەیاند، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتی پێ سپێردراوە. هاوکات جەختی لەسەر هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی کردەوە بەرانبەر بە نەیارانیان و بەڵێنی دا کە لە رێگەی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکان و تواناکانیانەوە، دوژمنان دوچاری بێهیوایی بکەن.

یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی" بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دامەزراوە و بە فەرمی دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کردووە. 

پزیشکیان روونی کردەوە، کە ئەم ئەنجوومەنە نوێیە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی قۆناغەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیارانی کۆماری ئیسلامی کرد و رایگەیاند: "وەک هەمیشە، هیوا و ئاواتی دوژمنان پووچەڵ دەکەینەوە و نائومێدیان دەکەین."

پزیشکیان لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی لەسەر ستراتیژیی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان کردەوە و گوتی: "بە وێرانکردنی بنکە و لێدان لە تواناکانیان، دوژمنان دووچاری دۆڕان و بێهیوایی دەکەین".

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.