ئەمەریکا: 1000 پێگەی ئێرانمان بە ئامانج گرتووە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئامار و ئەنجامە سەرەتاییەکانی 24 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "Epic Fury" (تووڕەیی داستانئاسا)ی بڵاو کردەوە، تێیدا بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای سەربازی و بە بەشداریی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکان، گورزێکی وێرانکەری لە ژێرخانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران وەشاندووە و زیاتر لە 1000 ئامانجی لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سێنتکۆم ، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتژمێر 9:15ی بەیانی 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە و مەودای ئۆپەراسیۆنەکە تەواوی ناوچەکانی ژێر بەرپرسیارێتی سێنتکۆمی گرتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لەم هێرشەدا ستراتیژییەکی چڕیان گرتووەتەبەر بۆ لەکارخستنی دەزگا ئەمنییەکان و هەڵوەشاندنەوەی توانای بەرگریی تاران، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە بە سەرچاوەی هەڕەشەی خێرا دادەنرێن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لە راپۆرتەکەی سێنتکۆمدا هاتووە کە هێرشەکان بە وردی ژێرخانی هەستیاری ئێرانیان کردووەتە ئامانج، کە خۆی لە ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئاسمانییەکانیان دەبینێتەوە. هاوکات لە رێگەی بۆردوومانە چڕەکانەوە سیستەمە یەکگرتووەکانی بەرگری ئاسمانی، سەکۆی مووشەکە بالیستییەکان و وێستگەکانی دژە کەشتی، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێران و تۆڕە پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون.
بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە، سوپای ئەمریکا تەواوی سەنگ و هێزی خۆی خستووەتە گەڕ، بە جۆرێک کە فڕۆکە بۆم بهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری B-2 و فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی وەک F-35، F-22، F-18 و F-16 بەشدارییان تێدا کردووە، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری ریپەر و سیستەمی مووشەکی هیمارس.
هەروەها لە دەریاشەوە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەتۆمییەکان و کەشتییە وێرانکەرەکان بە مووشەکی دوورمەودا بەشدارییان لە وێرانکردنی ئامانجەکاندا کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی "توانای تایبەت" کە سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە لەبەر هۆکاری ئەمنی و هەستیاریی دۆخەکە ناتوانن لەم لیستەدا ئاشکرای بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیایەکی نوێی جەنگی لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا کە پێشتر رانەگەیەندراوە.
Operation Epic Fury: The first 24 hours pic.twitter.com/VRcoc5G1Hd
— U.S. Central Command (@CENTCOM) March 1, 2026