فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکەن

لەگەڵ پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە هەڵوێستێکی توندی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ئامادەن بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان لە کەنداوی عەرەبی بکەن و ئەگەر پێویست بکات ڕێکاری بەرگریی توند دژی ئێران دەگرنەبەر.

یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، سەرکردەی ئەم سێ وڵاتە ئەورووپییە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا تووڕەیی و نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرانبەر بەو هێرشە مووشەکییە هەڕەمەکی و ناهاوسەنگانەی ئێران کردوویەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئیدانەی توندی بۆردوومانکردنی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە بەشێک نەبوونە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سەرەتاییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بێلایەنیی خۆیان پاراستووە.

لە ڕاگەیەندراوەکدا ئاماژە یە ئەگەری بەشداریی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەو سێ وڵاتە لە جەنگەکەدا کراوە و تێیدا هاتووە، ئەوان دەستەوەستان نابن و هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و هاوپەیمانەکانیان، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی کاردانەوەی بەرگریی پێویست و گونجاو بۆ لەنێوبردنی توانای مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران و لێدانیان ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەکەیانەوە و لەنێو خاکی ئێراندا بەرلەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.

باسی لەوەش کردووە، لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانە هاوڕابوونە لەسەر ئەو بابەتە لە نزیکەوە کار بکەن.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.