ترەمپ: رەنگە جەنگی ئێران چوار هەفتە بخایەنێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا مانگێک دەخایەنن، هاوکات کوژرانی سەربازانی وڵاتەکەشی لەم جەنگەدا بە قوربانییەکی چاوەڕوانکراو وەسف کرد کە لە پێناو ئامانجێکی گەورەتردایە.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی، ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بەپێی پلانێکی دیاریکراو بەڕێوە دەچن و گوتی: وا دانراوە کە ئۆپەراسیۆنی توورەیی داستانئاسا چوار هەفتەیی بێت، ئاشکراشی کرد، لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا رێبەری باڵای ئێران کوژراوە و توانای بەرگریی ئەو وڵاتە ئیفلیج کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتێکی گەورەیە و سەرەڕای بەهێزیی هێرشەکان، کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە چوار هەفتە یان کەمتر دەخایەنێت.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی سوپای ئەمریکا، دوای ئەوەی پێنتاگۆن کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی لە کاتی هێرشەکاندا پشتڕاست کردەوە، ترەمپ بە کەناڵی (NBC)ی راگەیاند کە ئەوان سێ سەربازیان لەدەستداوە، بەڵام لە جەنگدا پێشبینی قوربانیدان دەکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا مردنی سەربازەکانی بە بەشێک لە بەهای ئەو جەنگە دانا و وەک دەستکەوتێکی جیهانی وەسفی کرد و گوتی لە کۆتاییدا ئەم جەنگە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ جیهان.