بۆچی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەفتەیەک دواخرا؟

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن کە پلانی هێرشکردنە سەر ئێران بڕیار بوو هەفتەیەک زووتر لەو وادەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام هۆکاری تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنی بوونە هۆی دواخستنی، ئەوەش دوایین دەرفەتی دیپلۆماسیی بە تاران بەخشی کە دواجار بەهۆی رەت کردنەوەی پێشنیازەکەی ئەمریکاوە کۆتایی هات.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، پلانی سەرەکی بۆ ئەوە بووە هێرشەکان لە رۆژی شەممە 21ی شوبات دەستپێبکەن، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی بوونە رێگر؛ یەکەمیان خراپیی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا، دووەمیشیان پێویستیی سوپای ئەمریکا بۆ هەماهەنگیی وردتر و ئاستبەرزتر لەگەڵ هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل (IDF). ئەم دواخستنە هەفتەیەکی دیکەی بەخشیە دۆناڵد ترەمپ تا لە نێوان بژاردەی شەڕ و دیپلۆماسیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو هەفتەیەدا بە وردی چاودێرییان کردووە تا دڵنیابن عەلی خامنەیی، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەمێنێتەوە و ناچێتە ناو پەناگەکان. یەکێک لە بەرپرسانی هەواڵگری ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان بە مەبەست پەیامی وایان ناردووە کە هیچ هێرشێکی نزیک لە ئارادا نییە، تا بەرپرسانی ئێران هەست بە ئارامی بکەن و خۆیان حەشار نەدەن.

دواخستنی هێرشەکە وای کرد خولێکی دیکەی دانوستان لە جنێڤ لە نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جارد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف و نوێنەرانی ئێران بەڕێوەبچێت. ئەمریکا پێشنیازێکی کۆتایی خستە بەردەم ئێران کە پێکهاتبوو لە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ، لە بەرانبەردا ئەمریکا سووتەمەنی ئەتۆمی بێبەرامبەر بۆ مەبەستی مەدەنی بۆ ئێران دابین دەکات. تیمی ترەمپ راشکاو بوون لەوەی کە ئەگەر ئێران ئەم پێشنیازە وەرنەگرێت، بژاردەی سەربازی جێبەجێ دەکرێت.

دواجار لایەنی ئێرانی پێشنیازەکەی ئەمریکای رەت کردەوە. دوای گەڕانەوەی کوشنەر و ویتکۆف و گەیاندنی هەواڵەکە بە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی دا و بڕیاری هێرشەکانی دا. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: هەوڵێکی راستگۆیانە بۆ دانوستان هەبوو، بەڵام ئێران نەیتوانی لە رێگەی دانوستانەوە رێگری لەمە بکات، بۆیە سەرۆک بڕیاری لێدانی دا.

تووڕەیی داستان ئاسا

شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێران کردووە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکی لە هێرشە ئاسمانییەکانیان، بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە نزیکانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا توانا مووشەکییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبات و رێگرییان لێ دەکات هیچ مووشەکێکی نوێ دروست بکەن. دووپاتیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 28ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی "Epic Fury - تووڕەیی داستان ئاسا" بۆ سەر پێگەکانی رژێمی ئێران دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان کاتژمێر 9:15ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵات دەستیان پێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و لەناوبردنی ئەو شوێنانە بووە کە مەترسیی دەستبەجێیان دروست کردووە. ئامانجەکان بریتی بوون لە بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، و فڕۆکەخانە سەربازییەکان.

دادپەروەری بۆ گەلی ئێران

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە "Truth Social" بڵاوی کردەوە، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و وەک دادپەروەری بۆ گەلی ئێران و ئەمریکییەکان وەسفی کرد.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا خامنەیی بە "یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو" ناوبرد و گوتی: "خامنەیی نەیتوانی لە دەست سیستەمە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی ئێمە و ئیسرائیل رزگاری بێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە خامنەیی، چەندین سەرکردەی تری ئێرانی لەگەڵ ئەودا کوژراون و هیچ شتێکیان لەدەست نەهاتووە بەرانبەر هێرشەکان ئەنجامی بدەن.

میدیای فەرمی ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی پشتڕاست کردەوە
 

میدیای فەرمی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، بە فەرمی هەواڵی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زانیارییەکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، کە خامنەیی لەناو نووسینگەکەی خۆیدا لە تاران کوژراوە.

هەروەها حکوومەتی ئێران ماوەی 40 رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند. هاوکات بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی 7 رۆژ پشووی فەرمی و سەرتاسەری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.