رۆیتەرز: فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە کوەیت خراوەتە خوارەوە
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا لە کوەیت خراوەتە خوارەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی واشنتن هەواڵەکەیان پشتراست نەکردووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، دووکەڵێکی زۆر لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری کوەیت بەرزبووەتەوە.
بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکار و سروشتی رووداوەکە روون نەکراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە دەسەڵاتدارانی کوەیت رایانگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (درۆن) تێکشکاندووە و پێشتر ئاسمانی وڵاتەکەیان کردبووە ئامانج.
لەم بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی کوەیت (کونا) لە زاری محەممەد مەنسووری، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی کوەیت گواستییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان بە لێهاتوویی و سەرکەوتوویی بەرپەرچی چەند ئامانجێکی ئاسمانی دوژمنکارانەیان لە نزیک هەردوو ناوچەی (رومەیسیە و سەلوە) داوەتەوە.
ئەو بەرپرسە جەختیشی کردەوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و لە ئێستادا بارودۆخی وڵات جێگیرە.
لە پەرەسەندنێکی نوێدا و دوای رووداوەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت دوو ئاگادارینامەی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێشتا مەترسی بەردەوام هەیە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی کوەیت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، تکایە بەرەو باڵیۆزخانە مەین و هانی تەواوی هاووڵاتییانی ئەمریکی دەدەین لە شوێنەکانی خۆیان و لە ناوماڵەکانیان بمێننەوە.