میران ئەبراهام رۆمانی شەوگەڕەکانی بڵاو کردەوە
میران ئەبراهام، ڕۆماننووسی کورد، نوێترین ڕۆمانی خۆی لەژێر ناوی "شەوگەڕەکان" کە پڕۆژەی ناوەندی رەهەند و دەزگای شانەدەرە و لەلایەن ناوەندی رەهەند چاپکراوە، بڵاو کردەوە
دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، میران ئەبراهام، رۆماننووسی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی رۆمانە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "رۆمانی "شەوگەڕەکان"، رۆمانێکە لەسەر سنوورەکان دژیت، واتە لەنێوان ئەمستردام و قاهیرە، لەنێوان هونەر و واقیعی تاڵ، لەنێوان یادەوەریی هۆشیاری و فەرامۆشییەکی تراوما ئامێزدا، ئەم کتێبە پێگەی خۆی لە ناو نەریتی ئەدەبیاتی کوردیدا جێگیر کردووە، چیرۆکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەم سەفەرێکی ئۆدیسەیی شەخسییە و هەم ناڕەزایەتییەکی گەردوونییە دژی نامۆبوونی مرۆڤی هاوچەرخ."
میران ئەبراهام گوتیشی، "چیرۆکەکە لە کەشێکی بێدەنگ و تا رادەیەک ساردی شاری ئەمستردامەوە دەست پێ دەکات، پاڵەوانی چیرۆکەکە مارتن سالۆمۆنە، بەرجەستەکەری شوناسی دابەشبووە، وەک قوتابییەکی مێژووی هونەر و کارمەندێکی مۆزەخانەی نیشتمانی، بەناو کولتووری ئەوروپیدا دەگەڕێت، لە کاتێکدا تێکەڵەیەک لە سەرسامی و دوورەپەرێزی لای دروست بووە، گەڕانەوەی ئەو لە رۆماوە، کە شاری جوانییە کلاسیکییەکان و یادەوەرییەکانیەتی لەگەڵ کارمەن بۆ ئەمستردامە خۆڵەمێشییەکە، دەستپێکی گەڕانێکی ناوەکییە کە خوێنەر هێواش هێواش بەرەو قووڵاییەکان دەبات."
ئەو نووسەرە باس لە ناوەڕۆکی رۆمانەکە دەکات و دەڵێت، "ناوەڕۆکی رۆمانەکە لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی نێوان مارتن و سمکۆ، پاشان مارتن و سەلیم بنیات نراوە، ئەوان بەیەکەوە ناوی خۆیان دەنێن "شەوگەڕەکان"، ئەمە رەهەندێکی گرنگی چیرۆکەکەیە، لە شەودا هەموو رەنگەکان وەک یەک دەردەکەون، بەڵام بۆ مارتن و سمکۆ، هەروەها دواتر شەوانی قاهیرە، شەو تەنیا کاتێکە کە تێیدا هەست بە ئازادییەکی ڕاستەقینە دەکەن، دوور لەو ناسنامە و ناونیشانە کۆمەڵایەتییانەی کە لە رۆژدا بەسەریاندا دەسەپێنرێت، وەک ''شەوگەڕ''، ئەوان بە جۆرێک دەست بەسەر شاری ئەمستردامدا دەگرن کە ڕۆژ ڕێگەیان پێنادات."
میران ئەبراهام ئاماژەی بەوەش دا، "کاتێک چیرۆکەکە دەچێتە وڵاتی میسر، رۆمانەکە گۆڕانکارییەکی رادیکاڵ لە تۆنی گێڕانەوەدا بە خۆییەوە دەبینێت. ئەوەی وەک پۆرترێتێکی دەروونی و هونەری دەستی پێکرد، دەگۆڕێت بۆ ترەیلەرێکی بخنکێنە، مارتن لە قاهیرە یەکێکە لە کاریگەرترین بەشەکانی کتێبەکە، بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون، ئەو لە واقیعی خۆی دادەبڕێنرێت و فڕێ دەدرێتە ناو بەندیخانەیەک، پڕ لە لێکۆڵینەوە، تاریکی و ئازاری جەستەیی، تۆمەتەکە، کە گوایە تێوەگلاوە لە کارێکی توندوتیژ دژی چالاکوانانی فەلەستینی، بۆ مارتن و 'خوێنەریش بە تەواوی نادیار و تەمومژاوییە."
دەربارەی فۆڕم و تەکنیکی نووسینی ناو ڕۆمانەکە، ئەو نووسەرە گوتی، "لە ڕووی تەکنیکییەوە، شەوگەڕەکان، بەرهەمێکی یەکجار تۆکمە و هونەرییە، گواستنەوەکان لەنێوان ئێستای ناو زیندان و گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی ئەمستردام و ڕۆما، جۆرە داینامیکییەک بە چیرۆکەکە دەبەخشن کە خوێنەر ناچار دەکات بەردەوام پارچەکانی ژیانی مارتن کۆ بکاتەوە، زمانەکە وێنەیە، ئەبراهام سەرکەوتوو بووە لەوەی تەنانەت لە ناو جەرگەی دیمەنە دراماتیکەکاندا، جۆرێک لە لیریکای ئەدەبی بپارێزێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، میران ئەبراهام باس لە گرنگی رۆمانەکە دەکات و دەڵێت، "رۆمانی "شەوگەڕەکان" زۆر لە رۆمانێکی کۆچبەری زیاترە، تێڕامانێکی قووڵە لە دۆخی مرۆڤایەتی، من ئەم بوێرییەم هەبووە کە کارەکتەرێک دروست بکەم کە هەمیشە جێی رەزامەندی نییە و منداڵی بەخشراوە، بە واتای بێ باوکە و لە تاقیگەدا لە ڕەحمی دایکی ئەیفا سالۆمۆندا چێنراوە، کەسێکە گومانی هەیە، فەرامۆشکارە و ململانێ لەگەڵ ئەو ئیمتیازە دەکات کە وەک هونەرمەندێک هەیەتی."
میران ئەبراهام، رۆماننووسی کورد، لە ساڵی 1970، لە سلێمانی لە دایک بووە و ئێستا دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە، خاوەنی 5 رۆمان و 4 چیرۆک و یەک وەرگێڕانە، کە لە هۆڵەندییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.