ترەمپ لە رێگەی کوردستان24ـەوە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستی لوبنان ئاشکرا دەکات
سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند کە کۆشکی سپی ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لە نێوان سەرۆککۆماری لوبنان و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە ئەمەش دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردەی ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا.
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن، وردەکاریی نوێترین رێککەوتنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کرد.
ترەمپ رایگەیاند: کە ئیدارەکەی گەیشتووەتە رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ لایەنی لوبنانی و ئیسرائیلی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
ترەمپ لە کۆنتێکستی وەڵامەکەیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "دوو کاتژمێری دیکە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستپێدەکات، ئەوەش هەواڵێکی زۆر باش دەبێت بۆ ناوچەکە."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکەن لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت.
ترەمپ جەختی لە گرنگیی کۆبوونەوەکە کردەوە و رایگەیاند: "ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا سەرکردەکانی هەردوو وڵات رووبەڕوو کۆببنەوە، کە دەرفەتێکی بێ وێنەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری."
لە درێژەی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی خۆی کرد لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان و وەسفی کرد وەک "کەسێکی بەڕێز و لێهاتوو"، هەروەها ئاماژەی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد بە ئامانجی لێکنزیککردنەوەی دیدگەکان و یەکلاکردنەوەی دۆسێی ئاشتی.