عەبدولڕەحمان بامەڕنی "رۆمان ل دەڤەرا بەھدینان"ی بڵاو کردەوە

عەبدولڕەحمان بامەڕنی، نووسەر و رۆماننووس، نوێترین کتێبی خۆی کە خوێندنەوە و شرۆڤەکردنێکی رەخنەییە، لەژێر ناوی "رۆمان ل دەڤەرا بەهدینان" چاپ و بڵاوکردەوە.

پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، عەبدولڕەحمان بامەڕنی، نووسەر و رۆماننووس، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "لەم کتێبە نوێیەم دا خوێندنەوەی رەخنەییم بۆ 35 رۆمانی دەڤەری بەھدینان كردووە،ئەم کتێبە لە دوتوێی 224 لاپەڕە  پێكھاتووە و رۆمانی چەندین رۆمانووسن و ئەم رۆمانانەی كە من لەم پەرتووكەدا خوێندنەوەم بۆ كردووە رۆمانی جیاوازن و زوربەیان لە سەر ژینەگەی مرۆیی كوردی نوسراون و باسی خەباتی سیاسی، شۆرشی كوردی، خەباتی پێشمەرگە و دەربەدەری و ئەنفال و ڕاپەرین و شەری عێراق و ئێران دەکات".

ئەو نووسەرە گوتیشی، "لەگەڵ ئەوەش دا لە کتێبەکەدا بابەتی كومەڵایەتی، دابونەریت، كولتوری كوردی هەن، هەروەها بابەتی رۆمانەكان جیاوازن بە پێی دنیابینینی نوسەری رۆمانن كە ئەو چۆن سەیری  دەوروبەری خۆی دەكات، خەیاڵی فكرەكەی تا چ رادەیە و چەند دەتوانێت کارەکانی دەرببڕێت، تەكنیكی رۆمان لەلایەن هەر کەسێکەوە جیاوازە لە نووسەری تر".

عەبدولڕەحمان بامەڕنی، لە ساڵی 1970 لە گوندی بامەڕنی لەدایكبووە. چوار دیوانی شیعری ھەیە و ئێستا چیرۆك و رۆمان دەنووسێت و سێ رۆمانی چاپكراوی ھەیە بە ناوەکانی،  رەشكۆ، سمۆیێ باپیر، عەلی حاول بكۆ و كومەڵە چیرۆكەك بە ناوی شوكرۆیا عەزێ. لە 78 ڕۆژنامە و گۆڤاری كوردی بەرھەمی خۆی بڵاو کردووەتەوە. 26 پەرتووكی چاپكراوی ھەیە. ئەندامی یەكێتی نووسەران و ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردە.