سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: ئیسرائیل بڕیاری دابوو هێرش بکاتە سەر ئێران
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (لە پارتی کۆماری)، هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە هەنگاوێکی بەرگریی وەسف کرد و رایگەیاند؛ ئیسرائیل بڕیاری خۆی دابوو بۆ وەڵامدانەوە، جا ئەمریکا هاوکارییان بکات یان نا.
جۆنسن دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئیسرائیل تواناکانی ئێرانی وەک هەڕەشەیەکی بوونی (Existential) دەبینی، بۆیە ئامادە بوو بەبێ گوێدانە بەشداریی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدات." ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێستی توندی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی واشنتن هەبووە و گوتی: "ئەوان بڕیاریان دابوو بۆ بەرگریی لە خۆیان رەفتار بکەن."
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەروو، ئیدارەی ئەمریکا پێش بڕیاری پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، هەڵسەنگاندنی وردی بۆ مەترسییەکانی سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کردووە.
جۆنسن داکۆکی لە رەوایی هێرشەکە کرد و گوتی: "من رازیم ئەوان کاری راستیان کردووە، چونکە پشتگوێخستنی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە دەبووە جێگەی پرسیار."
لە بەرامبەردا، سێناتۆر مارک وارنەر، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی پیران (لە پارتی دیموکرات)، گومانی خستە سەر پاساوەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە هێرشەکە. وارنەر رایگەیاند؛ بەگوێرەی زانیارییەکان، هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئارادا نەبووە.
وارنەر هۆشداریی دا لە تێکەڵکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و ئەمریکا و گوتی: "مەترسییەکە تەنیا بۆ سەر ئیسرائیل بوو. ئەگەر ئێمە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئەمریکا دابنێین، ئەوا دەچینە ناو قۆناخێکی نادیار و مەترسیدارەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پلان و ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە پێش جێبەجێکردنی، چوار بۆ پێنج جار گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی دوودڵی یان ناسەقامگیری لە دیاریکردنی ستراتیژی هێرشەکەدا.