سێنتکۆم پەیامێک ئاراستەی 50 هەزار سەرباز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
جەنەڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) پەیامێکی راستەوخۆی ئاراستەی 50 هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، تێیدا فەرمانی ئامادەباشی تەواوی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوپا بەرەو ئەرکێک هەنگاو دەنێت کە "دەرئەنجامی قووڵی" دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە قۆناخی رێگریکردنەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناخی جەنگی راستەقینە و گوتی: "کاتی ئامادەکاری کۆتایی هات، ئێستا کاتی هەنگاونان و کردارە."
لە پەیامەکەیدا، فەرماندەی سێنتکۆم ستایشی سەرجەم یەکە جیاوازەکانی سوپای کرد، لەوانە: (سەربازانی پیادە، دەریاوانان، هێزی دەریایی، فڕۆکەوانان، پاسەوانی نیشتمانی و کارمەندانی پاسەوانی کەناراوەکان).
ئاشکراشی کرد، هێزەکان لە دوو گرووپ پێکهاتوون؛ هەندێکیان پێشتر لە ناوچەکە جێگیر کراون و هەندێکی دیکەشیان لە ماوەیەکی کورتدا لە ئەمریکاوە گوازراونەتەوە، جگە لەوەی ماوەی خزمەتی بەشێک لە سەربازەکان بۆ ئەم ئەرکە گرنگە درێژکراوەتەوە.
فەرماندەکە جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکە بۆ رەفتارەکانی رژێمی ئێران، کە لە ساڵی 1979ەوە بەرپرسە لە کوژران و برینداربوونی هەزاران ئەمریکی و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
راشیگەیاند: "بەهۆی بوێری ئێوەوە، رەوتی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
فەرماندەیی ناوەندیی کۆمەڵێک رێنمایی سادە و کاریگەری ئاراستەی هێزەکان کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی جەنگ لەوانش؛ لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن بێبەزیی بن و لەناو ئاژاوەی ململانێکاندا، وەک سەربازی پیشەیی بمێننەوە و رەفتارەکانتان گوزارشت لە ئامانجە باڵاکانتان بکات، هەروەها پارێزگاری لە هاوەڵەکانتان بکەن کە لە تەنیشت و پشت و پێشتانەوەن و لە کاتژمێر و رۆژە سەختەکانی داهاتوودا کە پڕ دەبن لە ژاوەژاو و سەرلێشێواوی، تەنیا راهێنانەکانە ئاستبەرزەکانتان رێگەی سەرکەوتنتانە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، فەرماندەی سێنتکۆم سەربازانی وڵاتەکەی بە "قەڵغان و تیژترین شمشێری جیهانی ئازاد" وەسف کرد و رایگەیاند؛ ئێستا چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەوانە، هیوای سەرکەوتن و گەڕانەوەی بە سەلامەتی بۆ خواستن.