ترەمپ: دەتوانین بۆ هەمیشە شەڕ بکەین
دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال جەختی لەسەر بەهێزیی توانای سەربازی و کۆگاکانی تەقەمەنی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند؛ ئاستی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا ئێستا لە "بەرزترین و باشترین" دۆخی خۆیدایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی پێی گەیشتووە، ئەمریکا خاوەنی دابینکردنی بێسنوورە لە چەک و تەقەمەنییە لە ئاستی مامناوەند و سەرووی مامناوەند، بە گوتەی ئەو، ئەم چەکانە لە باشترین چەکەکانی وڵاتانی دیکەی جیهان زۆر پێشکەوتووترن. گوتیشی: "بەهۆی ئەم چەکانەوە، ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار و بە سەرکەوتووییەکی گەورەوە شەڕەکان ئەنجام بدات."
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ رەخنەی توندی ئاراستەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی سەدان ملیار دۆلار لە سامانی وڵات و بەشێکی زۆر لە چەکە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەمریکای بە خۆڕایی بەخشیوە بە ئۆکرانیا.
ترەمپ بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و وەک "P.T. Barnum" (کەسایەتییەکی بەناوبانگی نمایش و سێرک) ناوی برد.
سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی دەربڕی لەوەی کە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا کە بەخشراونەتە ئۆکرانیا، شوێنەکانیان پڕ نەکراوەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە ئەو لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا سوپای ئەمریکای ئاوەدان کردووەتەوە و ئێستاش وڵاتەکە "کۆگاکراوە و ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە."
ئەم گوتانەی ترەمپ لە کاتێکدایە بابەتی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا و کاریگەرییان لەسەر کۆگاکانی چەکی ناوخۆیی، بووەتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.