شانەی راگەیاندنی ئەمنی: رێگریمان لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکانی بەغدا کرد
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا، سەرکەوتنی هێزە ئەمنییەکانی لە پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکانی بەغدا راگەیاند، کە لە ناوچەی ئەبوغرێبەوە ئامادەکاری بۆ دەکرا.
سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەکۆیەکی ئامادەکراو بۆ هەڵدانی 9 مووشەک لە ناوچەی ئەبوغرێب دۆزرایەوە، کە دانرابوو ئاڕاستەی دامەزراوە هەستیارەکانی بەغدا بکرێت.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری ئەنجام دراوە و تیمەکانی ئەندازیاریی سەربازی توانیویانە بە سەرکەوتوویی سەکۆکە پووچەڵ بکەنەوە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، شەقامی بەغدا گرژی و ئاڵۆزی زۆری بەخۆیەوە بینوە، ماوەی چوار رۆژە لە بەغدا خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن لە ئێران بەڕێوە دەچێت و، هەمیشە خۆپیشاندەران هەوڵی چوونە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدەن و هێزە ئەمنیەکانیش بە توندی رووبەڕوویان بوونەتەوە، تا وای لێهات رێگەی سەرەکییەکان بۆ چوونە نێو ناوچەی سەوز داخران، هێزە ئەمنییەکانیش پارێزگاری لەو ناوچەیە دەکەن و رێگری لە خۆپیشاندەران دەکەن.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.