نێچيرڤان بارزانى و ماکرۆن، دۆخی ناوچهکه تاوتوێ دهکهن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەل سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی کرد، هەردوولا دوایین پەرەسەندنەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێ گەیشت.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە، تاوتوێ کران.
هاوکات هەردوولا نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر بە پەرەسەندنی شەڕ دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەکردنی کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی دووپات کرایەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.