هاوپەیمانیی مەسیحی: بەئامانجگرتنی پێشمەرگە و ناوچە مەدەنییەکان پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە
ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانیی مەسیحی، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ئەو هێرش و بۆردوومانانە ڕاگەیاند کە ناوچە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووەتە ئامانج. هاوپەیمانییەکە هۆشداری دەدات لە لێکەوتەکانی تێکچوونی سەقامگیری و داوا دەکات عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بە دوور بگرێت.
سێشەممە 3ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانیی مەسیحی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، هاوپەیمانیی مەسیحی بە توندی سەرکۆنەی هەر دەستدرێژییەک دەکات کە ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و هەڕەشە لە سەلامەتی مەدەنییەکان بکات.
ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێکهاتەیەکی دەستووریی فەرمی لە ناو سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق، ڕۆڵێکی گەورەیان لە تێپەڕاندنی تیرۆر و پاراستنی پێکهاتەکان هەبووە، بۆیە هەر هێرشێک بۆ سەریان بە هێرش بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و تێکدانی ئەو سەقامگیرییە دادەنرێت کە بە قوربانییەکی مەزن بەدەست هاتووە.
هاوپەیمانییەکە جەختی کردەوە کە بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان، لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و لادانە لە بەها ئەخلاقییەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کراوە کە تەواوی بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتییان بێ جیاکاری جێبەجێ بکات. هاوپەیمانیی مەسیحی پێیوایە قۆرخکردنی چەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا و ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان لە چوارچێوەی دەستووردا، تەنیا ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر کە بتوانێت ڕێگری لە پشێوی بکات.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، هاوپەیمانییەکە داوای کردووە عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. جەخت کراوەتەوە کە حیکمەتی نیشتمانی پێویستی بەوەیە پەنا بۆ دیالۆگ ببرێت نەک لۆژیکی چەک، و دەبێت بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە سەرووی هەموو ململانێیەکی دەرەکییەوە بێت کە خزمەت بە ئیرادەی خەڵک ناکات.
هاوپەیمانیی مەسیحی لە ڕاگەیەندراوکەدا پەنای بۆ فێرکارییەکانی ئایینی مەسیحی بردووە بۆ دووپاتکردنەوەی پەیامی ئاشتی و نووسیویەتی: ئێمە داوای سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا دەکەین. ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هێزی ڕاستەقینە لە لێبوردەیی و ئازایەتی ڕۆحی و گوتنی ڕاستیدایە، نەک لە هەڵکێشانی شمشێر و بەکارهێنانی توندوتیژی.
ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانیی مەسیحی هیوای خواست ئەم قۆناغە سەختە ببێتە وەرچەرخانێک بەرەو پێکەوەژیانێکی بەهێزتر و سیستەمێکی فیدراڵی کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و پابەندبوونی گشتگیر بە دەستوور داڕێژرابێت. هەروەها جەختیان کردەوە کە نەتەوەکان بە حیکمەت و سەروەری یاسا بنیات دەنرێن نەک بە مووشەک و گرژی و دیکتاتۆرییەت.