وەزارەتی كار پێداچوونەوە بە لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات

ژمارەیەکیان کۆچی دواییان کردووە و مووچەیان بەردەوامە
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

 K24 - هەولێر

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبەر سێ هۆکار، لە دوێنێوە دەستی بە پێداچوونەوە کردووە بۆ لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوێنێ، لەگەڵ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و سەبارەت بە بڕیارەکانیان قسەی بۆ کوردستان24 کرد.

کوێستان محەمەد، باسی بڕیارەکانیانی کرد و بە کوردستان24ـی رایگەیاند "بڕیاری یەکەممان تایبەتە بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی کەمئەندامان. دیارە ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە؛ کۆمەڵێک کەمئەندام چەندجارێک سوودمەندن لە هاوکاریی کەمئەندامی، ژمارەیەکیان کۆچی دواییان کردووە و مووچەیان بەردەوامە، هەروەها بەشێکیان کە 12 هەزار و 30 کەمئەندامن، فەرمانبەرن و پێویستە ئەو 100 هەزارەی وەک هاوکاری وەریدەگرن، بکرێتە دەرماڵە بۆ سەر مووچەکانیان".

ناسنامەی مەرکەزییان بۆ دروست دەکرێت

ئەو وەزیرە، باسی لەوەش کرد، خاڵی دووەمی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە دروستکردنی ناسنامەیەکی مەرکەزی بۆ هەموو کەمئەندامان. کوێستان محەمەد دەڵێ "دیارە ئەم بڕیارە لە ساڵی 2012 لە پەرلەمان پەسەندکراوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنیا لە دهۆک ناسنامە بۆ کەمئەندامان کراوە".

 کوێستان محەمەد باسی لەوەش کرد "پێویستە هەموو کەمئەندامان خاوەن ناسنامەی خۆیان بن و ساڵانە نوێبکرێتەوە، چونکە کەمئەندام جگە لە هاوکاریی مانگانە، کۆمەڵێک ئیمتیازی دیکەی هەیە بەپێی یاسا و دەبێت لەو شوێنانەی مافی هەیە، مافەکەی دەستەبەر بکات".

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگرتووە و بە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی داوە. ئەوان پێیدادەچنەوە، ئەو وەزیرە هەروەها دەڵێ "دوا وادەی بۆمان دیاریکردوون بۆ پێداچوونەوە، رۆژی سێشەممەی داهاتووە".

پێداچوونەوە بۆ چاکسازی لەو لیستە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی یاسای چاکسازی لە 4-1-2021 مووچەی 10 هەزار و 609 کەس کە زیاتر لە مووچەیەک و خانەنشینیان وەردەگرت، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕدرا.

هـ.ر.