سووریا.. بەهۆی پاشماوەکانی جەنگ زیاتر لە 750 کەس کوژراون و نیوەیان منداڵ و ئافرەتن

بەگوێرەی داتاکان لە دوای رووخانی رژێمی سووریاوە تا مانگی ئاداری ئەمساڵ، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی بەهۆی پاشماوەی جەنگی گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 767 کەس، کە 299 منداڵ و 54 ئافرەت لەنێو ئەم قوربانیانەدان. 

روانگەی سووری بۆ مافەکانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە تاوەکوو ئێستا بەهۆی تەقەمەنییە نەتەقیوەکانەوە 767 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 299 منداڵ و 54یان ئافرەت بوونە.

راشیگەیاند، ئەم ژمارانە گوزارشت لە مەترسییە بەردەوامەکانی بەردەم دانیشتوانی مەدەنی دەکەن لە سووریا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ پاککردنەوەی زیاتری ئەم زەویانەی مین و پاشماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگی تێدایە.

هەروەها روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامارەکەی بەم شێوەیە خستووەتە روو، لە کاتی رووخانی رژیم لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024 تا 3ـی ئاداری 2026 بەم شێوەیە بووە.

لە رووخانی رژێمەوە تا کۆتایی ساڵی 2024،

ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لەو ماوەیە کوژراون، لە ئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنی نەتەقیوەوەکان UXO، گەیشتە 80 کەس، کە لەو ژمارەیە 12 منداڵ و 6 ئافرەتی تێدابووە.

 لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە تا ئێستا 599 هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی UXO کوژراون، کە 192 منداڵ و 41 ئافرەتی تێدابووە، بەسەر ئەو ناوچانەدا دابەشکراون کە لەلایەن حکوومەتی سووریا و ئیدارەی خۆسەر و فراکسیۆنەکانی سوپای نیشتمانییەوە بەڕێوەدەبرێن. 


لەسەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڵگەی کوژرانی 88 مەدەنی بە هۆی تەقەمەنیەکان و پاشماوەکانی دیکەی شەڕی سووریا لە سەرەتای ئەمساڵ تا 3ـی ئاداردا تۆمار کردووە، لەنێو کوژراوەکاندا 25 منداڵ و 7 ئافرەتی تێدابووە.

ئەم بەڵگانە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پاککردنەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگ، بەهێزکردنی رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم ماددە تەقەمەنییانە.