وەزارەتی بازرگانی عێراق: پارەی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان هەزار دینارە و زیاد نەکراوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پارەی یەک کەس بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراکی مانگانە یەک هەزار دینارە و زیاد نەکراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونی کردەوە، بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان بەتەواوی مسۆگەر کراوە و دابەشکردن بەپێی خشتە پەسەندکراوەکان و گەیاندنیان بە شێوەیەکی رێکوپێک بە هاووڵاتیان بەردەوامە.

وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی چاودێریکردنیان لە بەشی کۆنترۆڵی بازرگانی و دارایی بەردەوامن لە هەڵمەتە مەیدانییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی کاری بریکارەکان و چارەسەرکردنی سەرپێچیەکان، جگە لە چاودێریکردنی بازاڕە بازرگانییەکان و وردبینیکردنی نرخی خۆراک.

لە راگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، پابەندن بە دەستەبەرکردنی ئەو کەلوپەلانەی لەسەر کارتی بەشەخۆراک بەپێی پەیڕەوی پەسەندکراو و دڵنیابوون لەو رێکارانەی کە بژێوی هاووڵاتیان دەپارێزن و متمانەی گشتی بەرز دەکەنەوە.

وەزارەت راشیگەیاندووە، هەر هاووڵاتیەک لەبەرانبەر وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەی تەنیا یەک هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت و پارەکە زیاد نەکراوە.