تورکیا: هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئاسمانمان پووچەڵکرایەوە

پارچەیەکی مووشەک دوای رووداوەکە کەوتووەتە خوارەوە (وێنە: IHA)
پارچەیەکی مووشەک دوای رووداوەکە کەوتووەتە خوارەوە (وێنە: IHA)

ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و بەرەو ئاسمانی تورکیا دەهات، پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تێکشکێندراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، مووشەکەکە دوای ئەوەی ئاسمانی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریای بڕیوە، ئاراستەکەی بەرەو ئاسمانی تورکیا دیاری کراوە. دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرن، بەرپەرچ دراوەتەوە و لەکارخراوە.

سەبارەت بەو پارچە مووشەکەی کە لە قەزای دۆرتیۆڵی سەر بە پارێزگای هاتای کەوتووەتە خوارەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا روونیکردووەتەوە؛ دوای ئەوەی هەڕەشەکە لە ئاسماندا لەناوبراوە، دەرکەوتووە کە ئەو پارچەیە پاشماوەی مووشەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بووە نەک هی موشەکە هێرشبەرەکە. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، رووداوەکە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری هۆشدارییەکی توندی داوە و رایگەیاندووە: "ئیرادە و توانامان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیانمان لە بەرزترین ئاستدایە. تورکیا پشتیوانی لە سەقامگیریی و ئارامیی ناوچەکە دەکات، بەڵام توانای تەواوی هەیە بۆ پاراستنی خاکی خۆی لە هەر شوێنێک و لەلایەن هەر کەسێکەوە هەڕەشەی لێ بکرێت."

لەکۆتاییدا، تورکیا هۆشداری داوەتە هەموو لایەنەکان کە خۆیان بەدوور بگرن لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا، و رایگەیاندووە کە مافی وەڵامدانەوەی بۆ هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە پاراستووە. بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام دەبن لە راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ.