بڕیاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەدرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، ئەو وادەیەی لە بەیاننامە هاوبەشەکەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشووی ناوەندەکانی خوێندن دیاریکرابوو، کۆتایی دێت.
لەبەر ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی ئادار پشووی فەرمییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و دواتریش رۆژی هەینی دێت، هەردوو وەزارەتەکە بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوە یان دەستپێکردنەوەی دەوام، چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە دەکەن.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارە رۆژی شەممە وەزارەتی پەروەردە بارودۆخەکە هەڵسەنگێنێتەوە و لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنە بڕیاری کۆتایی لەبارەی درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی پشووەکان دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەکوردستان24ـی گوت، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی پشووەکان نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی پێنجشەممە و هەینی پشووی فەرمین، تیمەکانی وەزارەت لە سەرەتای هەفتەدا بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنن و دواتر بڕیاری پێویست لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان دەدرێت.
لە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، هەردوو وەزارەت بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، تاوەکوو ئەمڕۆ چوارشەممە، پشوویان راگەیاند.