یونسێف: نزیکەی 180 منداڵ لە ئێران کوژراون
رێکخراوی یونسێف نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر بە لێکەوتە کوشندەکانی پەرەسەندنی سەربازیی بەردەوام لە ئێران بەتایبەت لەسەر منداڵان، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، نزیکەی 180 منداڵ کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی ئاداری 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا رێکخراوی یونسێف ئاماژەی رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکانەوە، نزیکەی 180 منداڵ لە ئێران کوژراون، لە نێوان قوربانییەکاندا 168 کچ هەن کە بەهۆی هێرشێک بۆ سەر قوتابخانەی بنەڕەتی کچانی لە باشووری ئێران لە 28 شوباتدا کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا بووە وانەوتنەوە لەناو پۆلەکاندا بەردەوام بووە.
هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن زۆربەی کوژراوەکان قوتابی بوون و تەمەنیان لە نێوان7بۆ 12 ساڵدایە، جگە لەوەش، 12 منداڵی دیکە لە قوتابخانەکانی دیکەی پێنج ناوچەی جیاوازی ئێران کوژراون.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، منداڵان زیاتر رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و زیانگەیشتن بە ژێرخانی مەدەنی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتییان، هەر بەگوێرەی راپۆرتەکان، لانیکەم 20قوتابخانە و 10 نەخۆشخانە لە ئێران زیانیان پێگەیشتووە، ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی دەستڕاگەیشتنی منداڵان بە پەروەردە و خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان.
یونسێف جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم شەڕ و ئاڵۆزییە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ چەندین نەوە کاریگەریی خراپ لەسەر خێزان و کۆمەڵگە دروستبکات، بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی منداڵان و قوتابخانەکان پارێزراون و دەبێت شوێنیان سەلامەت بێت.
یونسێف بەپەلە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پابەند بن بە بەرپرسیارێتییەکانیان لەژێر سایەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و پاراستنی مەدەنییەکان مسۆگەر بکەن، رێکخراوەکە دووپاتی کردەوە کە بەردەوامە لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە و ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی هەوڵە مرۆییەکان بۆ هاوکاریکردنی ئەو منداڵ و خێزانانەی بەهۆی توندوتیژییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.