بونیادنانی پردی هایدرۆلیکی تانجەڕۆ لەشەقامی100مەتری سلێمانی دەستیپێکرد
کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100مەتری سلێمانی)، لەلایەن تیمەکانی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە بەردەوامە، لە ئێستا کارکردن چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووی پڕۆژەکەوە.
K24 – ههولێر:
کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100مەتری سلێمانی)، لەلایەن تیمەکانی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە بەردەوامە، لە ئێستا کارکردن چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووی پڕۆژەکەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، لەدوای تەواوکردنی بەشێکی زۆر لە قۆناغەکانی پاکردنەوە و بڕین و دروستکردنی ئاوبارەکان، لە سەرەتای ساڵی (2121)وە دروستکردنی پردی هایدرۆلیکی تانجەڕۆ دەستیپێکردووە.
پردی هایدرۆلیکی تانجەڕۆ، دەکەوێتە سەر چەمی تانجەڕۆ و شەقامی 100 مەتری لە ناوچەی قەرەداغ به ئاراستەی ناوچەی عەربەت دەپەڕێنێتەوە و دوو ئاراستە ئۆتۆمبێلی پێدا تێدەپەڕێت؛ هەر ئاراستەیەک لای (چەپ و راست) رێڕەوی پردەکە (9) ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت.
بودجەی تەرخانکراو بۆ پردی هایدرۆلیکی تانجەڕۆ (27) ملیار دینارە و بڕیاروایە لە ماوەی (6) مانگی کارکردن تەواوی کارەکانی بەئەنجام بگەیەنرێت.
لە ئێستادا کارکردن بۆ دروستکردنی پردەکە لە قۆناغی دروستکردنی (پایەڵ) دایە.
هاوکات کارکردن لە هەر (32)کم قۆناغی یەکەمی ئۆتۆبانی بابان؛ بەردەوامە و کارەکانی پاککردنەوە و بڕین و پڕکردنەوە و دروستکردنی ئاوبارە لە پڕۆژەکەدا قۆناغی گەورەیان بڕیووە.
ئۆتۆبانی بابان، لە رێککەوتی 11/7/2020 بەردی بناغەی لە لایەن سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دانراوە و لە لایەن گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە جێبەجێ دەکرێت، وابڕیارە لە ماوەی (3) ساڵی کارکردن بە گوژمەی (400) ملیار دینار پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.