فێردریک مێرتز: ئەڵمانیا نایەوێت سیناریۆی سووریا لە ئێران دووبارە ببێتەوە
راوێژکاری ئەڵمانیا، هۆشداریی دا لە تێکچوونی تەواوەتیی دۆخی ناوخۆیی ئێران و رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ئەو سیناریۆیەی لە سووریا روویدا، لە ئێران دووبارە ببێتەوە.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، فێردریک مێرتز راوێژکاری ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە قەوارەی دەوڵەتی ئێران بە کارایی بمێنێتەوە و دامەزراوەکانی دانەڕووخێن، گوتیشی: "ئێمە داوا دەکەین کە دەوڵەتی ئێران توانای کارکردنی هەبێت و نامانەوێت سیناریۆیەکی وەک سووریا لەو وڵاتەدا ببینین".
راوێژکارە ئەڵمانییەکە، داوای لە واشنتن و ئیسرائیل کرد کە بە زووترین کات کار بکەن بۆ رەخساندنی هەلومەرجێکی گونجاو بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ئێران و رێگریکردن لە پشێوی زیاتر.
سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆچی بەکۆمەڵ، مێرتس ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی دانیشتووانی ئێران زیاتر لە 90 ملیۆن کەسە، گوتیشی: "بەرژەوەندیی ئێمە لەوەدایە کە رێگری بکەین لە دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی پەنابەران لە ناوچەکەوە بەرەو ئەوروپا".
ئەم لێدوانانەی راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە شەڕ و ململانێ سەربازییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەوروپا نیگەرانە لە لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی هەرەسهێنانی دەسەڵات لە تاران.