ئومێد خۆشناو: گرووپە لەیاسادەرچووەکان رووی راستەقینەی تیرۆریستیی خۆیان نیشان دا
پارێزگاری هەولێر بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر شاری هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت کە گرووپە لەیاسادەرچووەکان شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج. ئومێد خۆشناو داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا بەرانبەر بەو هێرشانەی کە ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن "گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە" دەکرێنە سەر شاری هەولێر.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە: "بەداخەوە ماوەی چەند رۆژێکە هەولێر بووەتە ئامانجی پەلاماری تیرۆریستیی گرووپە لەیاسادەرچووەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە ململانێکان و هەمیشە لە سەنگەری ئاشتی و هەوڵە ئاشتیخوازانەکاندا بووە لە ناوچەکەدا."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی ئەمشەو لە نزیک (سکای تاوەر) رووی دا، کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنییە، سەلمێنەری رووی راستەقینەی تیرۆریستانە.
ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە "حکوەمەتی عێراق لەم پرسە هەستیارەدا بەرپرسیارە و پێویستە لە زووترین کاتدا هەڵوێستی کردەیی وەربگرێت."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتیدا پارێزگاری لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکات و ڕووبەڕووی خراپەکاران و تیرۆریستان دەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر 22:41ـی ئەمشەو هەینی، 6ـی ئاداری 2026، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپەرچی هێرشێکی درۆنییان داوەتەوە و چوار درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی شاری هەولێر تێکشکاندووە و خستوویاننەتە خوارەوە.