ئیسماعیل بەقایی: 175 منداڵ لە میناب بەهۆی بۆردومانەکانەوە گیانیان لەدەست داوە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی بە "دەستدرێژیی بێ پاساو" وەسف دەکات و ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی حەوت رۆژی ڕابردوودا سەدان هاووڵاتی مەدەنی و منداڵ بوونەتە قوربانی.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەیامێکی ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیایدا نووسیویەتی: "سکرتێری گشتی، با ڕاستییەکان وەک خۆی بڵێین؛ ئەمە 'شەڕ و پێکدادان' نییە، بەڵکو کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانەی بێ پاساوە کە لەلایەن دوو رژێمی خاوەن چەکی ئەتۆمییەوە دژ بە ئێران دەستی پێکردووە."

بەقایی ئاماژەی بەوە داوە کە وڵاتەکەی لە گفتوگۆی دیپلۆماسیی جیددیدا بووە کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ جاری دووەم لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە: "ئێوە نیگەرانی مەترسییەکانن لەسەر ئابووریی جیهان، بەڵام ئەی چی دەربارەی هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان؟ لەنێویاندا 175 منداڵی پەپولەئاسا کە لە شاری میناب کۆمەڵکوژ کران، جگە لەو ژمارە زۆرەی دیکە کە لە ماوەی 7 رۆژی رابردوودا بەهۆی کردەوە تاوانکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە سەرانسەری ئێران کوژراون و کەمئەندام بوون."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە راشکاوانە مامەڵە بکات و بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بەرانبەر بەم جەنگە نایاساییە دژ بە ئێران لە ئەستۆ بگرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.