سەرۆکی ئێران سوپاسی رووسیا دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی

سەرۆکی رووسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەربڕی. لە بەرانبەردا مەسعود پزیشکیان سوپاسی هەڵوێستی مۆسکۆی کرد.

کۆشکی کرێملین لە راگەیەنراوێکدا ناوەرۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی ئاشکرا کرد.

بە پێی راگەیەنراوەکە، پزیشکیان سوپاسی پوتنی کردووە بۆ هاوسۆزیی لەگەڵ گەلی ئێران لە بەرگریکردن لە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان و وردەکاریی "قۆناغە سەخت و هەستیارەکەی ئێستای ململانێکانی" بۆ روونکردووەتەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆکی رووسیا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی مۆسکۆ کردەوە سەبارەت بە پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی کارە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕانەوە بۆ رێکاری سیاسی و دیپلۆماسی.

 پوتن ئاماژەی بەوە داوە، کە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو.

کرێملین رایگەیاند: "سەرۆکی رووسیا قووڵترین هاوخەمیی خۆی دەربڕی بۆ تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامانی خێزانەکەی و نوێنەرانی سەرکردایەتیی سەربازی و سیاسیی وڵاتەکە، هەروەها بۆ ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیانی مەدەنی کە بەهۆی دەستدرێژیی چەکداریی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران کوژراون."

لە کۆتاییدا هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران و چەندین سەرکردەیەکی دیکە. گیانیان لە دەست دا.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.